کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەركەوتنی سینەماكارانی كورد لە فێستیڤاڵی فیلمی سینەما حەقیقەتی ئێراندا

13:39 - 22 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: سێنەماکارانی کورد لە خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دیکۆمێنتاری سینەما حەقیقەت لە ئێران، سەرکەوتنیان بە دەست هێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرهەمی سینەماكارانی كورد لە بەشە جۆراوجۆرەكانی پێشبڕكێی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دیكۆمێنتاری ئێران بە ناونیشانی سینەما حەقیقەت نمایش كران و توانییان خەڵاتی گرینگ لەو فێستیڤاڵە بەدەست بێنن.

ئەو بەرهەمانەی کە خەڵاتیان بەدەست هێنا بریتی بوون لە:

ـ بەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتیی فیلمەدرێژە دیكۆمێنتارییەكان:

خەڵاتی لەوحەی فەخری ئەم بەشە بە فیلمی دیكۆمێنتاری هەزار و یەك سێو لە دەرهێنانی سینەماكاری كۆچكردووی كورد تەها كەریمی خەڵکی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە نوێنەرایەتی لە هەرێمی كوردستان بەخشرا.

فیلمی هەزار و یەک سێو پیشاندەری ئەو رەنج و ئازارانەیە کە گەلی کورد کێشاویەتی؛ ئەو فیلمە بینەر لەگەڵ مێژووی تاریکی کورد ئاشنا دەکات و دەرفەتێک دەرەخسێنێت کە هەموو بەجێماوانی کۆمەڵکوژی کورد قسە بکەن. شاندی ژووری بە بینینی ئەم فیلمە گریان و ئاواتیان خواست کە هەموو ئەو قوربانیانەی کە لەو فیلمەدا چیرۆکی ژیانیان دەگێڕنەوە، لەئاشتی و ئارامیدا بژین.

ـ بەشی پێشبڕكێی ناوخۆیی كورتە فیلمە دیكۆمێنتارییەكان:
تەندیسی فێستیڤاڵ، دیپڵۆمای شانازی و خەڵاتی نەختی ٨ میلیۆن تمەنی باشترین دەرهێنانی ئەم بەشەی فێستیڤاڵ بە كورتە فیلمی كەوچك لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد جەلال وەیسی لە شاری سنە بەخشرا.

ـ بەشی پێشبڕكێی ناوخۆیی فیلمە درێژە دیكۆمێنتارییەكان:
خەڵاتی هێمای فیرووزەی سینەما حەقیقەت، تەندیسی فێستیڤاڵ، دیپڵۆمای شانازی و خەڵاتی نەختی ١٤ میلیۆن تمەنی باشترین فیلمی فیستیڤاڵ بە فیلمی بڵندی دیكۆمێنتاریی ژیان لە ڕەگە سەردەكاندا لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد فەتحوڵڵا ئەمیری لە شاری ئیلام بەخشرا.

هەر لە بەشە جۆراوجۆرەكانی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سینەما حەقیقەتـدا چەندین فیلمی دیكە لە سینەماكارانی كورد، نەتەوەكانی دیكەی ئێران و سینەماكارانی بیانی سەبارەت بە كورد و كوردستان نمایشكران، كە بریتی بوون لە:

ـ فیلمی دیكۆمێنتی بە شوێن تاووسەكاندا لە دەرهێنانی ئێستێر ئێسپات لە وڵاتی هەنگاریا سەبارەت بە ئێزیدییەكانی هەرێمی كودرستان لە بەشی چاوخشاندنێك بە بەرهەمەكانی فیستیڤاڵی مرۆڤناسی ئێستۆنی.

ـ فیلمی دیكۆمێنتی لەگەڵ خودا سەما دەكەم لە دەرهێنانی سینەماكاری لوڕ هووشەنگ میرزایی سەبارەت بە پیرە پیاوێكی كوردی كۆری گوندی هەورامانی تەخت لە بەشی پێشبڕكێی نەتەوەیی فێستیڤاڵەکە.

ـ فیلمی دیكۆمێنتی شاری خامۆش لە دەرهێنانی سینەماكاری لۆڕ هووشەنگ میرزایی سەبارەت بە پیاوێكی مردووشۆری لۆڕ لە بەشی پێشبڕكێی نەتەوەیی فیستیڤاڵەکە.

ـ فیلمی دیكۆمێنتی پاڵەوان و خرقە لە دەرهێنانی ئارش لاهووتی سەبارەت بە ژیان و ئەستەنگەكانی ڕۆژانەی پاڵەوانێكی كرماشانی لە بەشی پێشبڕكێی نەتەوەیی فیستیڤاڵەکە.

ـ فیلمی دیكۆمێنتی ئایدا لە ئاوێنەی شاملوودا لە دەرهێنانی سینەماكاری هەورامی موختار شوكری پوور سەبارەت بە كەسایەتیی و ژیانی ڕۆژانەی خاتوو ئایدا سێركیسیان هاوسەری شاعیری ناوداری ئێرانی ئەحمەد شاملوو دوای كۆچی دوایی ئەم شاعیرە پێشەنگە.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دیكۆمێنتاری سینەما حەقیقەت یەكێكە لە فێستیڤاڵە گرینگەكانی فیلمی دیكۆمێنتی لە ئاستی جیهاندا كە لە نێوان سینەماكارانی فیلمی دیكۆمێنتای دنیادا پێگەیەكی تایبەتی هەیە و هەموو ساڵێك بەرهەمەكانی خۆیان بۆ نمایش لە بەشە جۆراوجۆرەكانی ئەم فێستیڤاڵە ڕەوانە دەكەن و سینەماكارانی كورد بە بەرهەمەكانیان هەتا ئێستا لە تەواوی خولەكانی ئەم فێستیڤاڵەدا خەڵاتی گرینگیان بەدەستهێناوە.
هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دیكۆمێنتاری ئێران بە ناونیشانی سینەما حەقیقەت بە نمایشی ٢٨٧ دیكۆمێنتاریی بەرهەمی سینەماكارانی ٤٠ وڵاتی جیهان لە چەندین بەش لە سینەماكارانی فەلەستین و سپیدەی شاری تاران بەڕێوەچوو.