کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕۆکان باس لە بەردەوام نەبوونی سەرەڕۆیی دەکەن

10:50 - 8 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی سەرەڕۆی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، باس لە بەردەوام نەبوونی حکوومەتە سەرەڕۆکان دەکەن.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، بە بۆنەی چلەی حوسێنی، لە توئیتری تاکەکەسیی خۆیدا باسی لەوە کردووە، کە ١٤ سەدە پێش، کەسێکی سەرەڕۆ پێی وابووە کە دەتوانێ هێزی حوسێن تێک بشکێنی و لە نێوی ببات، بەڵام ئەمڕۆ ١٧ میلیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا لە کەربەلا کۆ دەبنەوە.

زەریف هەروەها نووسیویەتی: پەیامی کۆبوونەوەی ئەم ١٧میلیۆن کەسە ئەوەیە، کە هیچ دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ ناتوانێ و توانای ئەوەی نییە کە شەڕ بۆ دادپەروەری لە نێو بەرێت.

قسەکانی زەریف وەکوو یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە حاڵێکدایە کە خودی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، یەکێک لە دەسەڵاتە سەرەڕۆکانی سەردەم پێناسە دەکرێت، کە بەردەوام هەوڵی کپکردنی دەنگی عەداڵەت و دادپەروەریی داوە، هەر بۆیە وتەکانی زەریف پێش لە هەر کەس و لایەنێک، وتەیەکە کە دەسەڵاتی خودی ڕێژیمی ئێران دەگرێتەوە.