کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەکیترین ئەرکی مایک پۆمپێئۆ، ڕاگرتنی ڕێژیمی ئێرانە

12:05 - 30 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرەکیترین ئەرکی پێئەسپێردراوی وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بەرەنگاربوونەوە و پووچەڵکردنەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسییەکە، کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەرەوڕووی کۆمەڵگای جیهانی دەبێتەوە.

تەنیا ٢٣ ڕۆژ لە دەسنیشانکردنی پۆمپێئۆ، وەکوو حەفتاهەمین وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا تێدەپەڕێ، لەو ماوە کورتەدا ناوبراو هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ هەتا ڕێگاچارەیەکی گونجاو بۆ چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی هەموو هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ببینێتەوە.

بۆ ئەو مەبەستە ناوبراو سەردانی بروکسێل، عەرەبستانی سعوودی و ئیسرائیلی کردووە و لەگەڵ سەران و بەرپرسانی ئەو وڵاتانە، لە پێوەندی لەگەڵ هەڕەشە و ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تێروتەسەلی باسی کردووە.

پۆمپێئۆ لە سەردانی بۆ عەرەبستان ڕایگەیاندبوو: "ئەمنییەت و تەناهی عەرەبستان بۆ ئێمە زۆر گرینگە و بە هەموو شێوەیەک هاوکاری دەکەین، لە ڕاستای بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران کە هۆکاری سەرەکیی هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و هەروەها هاوکاری و پاڵپشتی تێرۆریستان دەکات".

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا لە ئیسرائیل وتبووی: "ئێمە بە تەواوەتی نیگەرانی زۆربوونی ئەو هەڕەشانەین، کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەکرێنە سەر وڵاتی ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێران دەیەوێت باڵ بەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بکێشێت".

ئامریکا بەردەوام ڕایگەیاندووە، کە ڕێککەوتننامەی بەرجام تەنیا توانیویەتی بەشێکی چووکە لە مەترسییەکانی ڕێژیمی ئێران، واتە مەترسی دەستپێڕاگەیشتنی ئەو ڕێژیمە بە چەکی ناوکی تا ڕادەیەک چارەسەر بکات، بەڵام بۆ چارەسەری چالاکییە مووشەکییەکان و دەستێوەردانە ئاژاوەگێڕانەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پشتیوانییەکانی لە تێرۆریستان، پێویستە تا ڕێککەوتننامەیەکی هەمەلایەنە و بەهێز لەگەڵ ئەو ڕێژیمە بێتە ئاراوە.

دوازدە ڕۆژ لەمەوپێش دانڵد ترامپ لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشایەوە و بڕیاریشە کە ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕ ١٣٩٧ی هەتاوی، مایک پۆمپێئۆ سیاسەتی نوێی وڵاتەکەی بە نیسبەت ئێرانەوە ڕابگەیەنێت.