کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شار بە راسان خرۆشا

12:53 - 14 پووشپەڕ 2718

رەزا ئەمینی

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئیرادە و ورەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەراورد لە گەڵ زۆربەی جووڵەکانی پێشمەرگە جیاوازتر بوو، چونکە بالانسی هێزی داگیرکەر و رزگاریدەری گۆڕی و حزور لە نێو شارەکانی کوردستان بە دووی یەکدا هەڵگری پەیامی گرینگ بوو. گرینگی ئەو جووڵە پارتیزانیەی پێشمەرگە لە زۆر ڕووەوە قسە و باس هەڵدەگرێت:

یەکەم توانایی جووڵەی هێزی پێشمەرگە و وێرانکردنی تابۆی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ئێران کە ناتوانێ بە زەبری زۆر به سەر خەڵکدا هەڕو گیف لێدا، خەڵک بە چاوی خۆیان زەبوونی ڕێژیمیان دیت و ورەی ڕووخاوی بەکرێگیراوانیان هەست پێکرد، لە حاڵێکدا پتر لە سێ کاتژمێر پێشمەرگە کۆنتڕۆڵی گەڕەکی میرئابای شنۆیان کرد و ڕۆژی پێشتریش لە ئاوایی سینگان کۆنتڕوڵی گوندییان بە تەواوی بە دەستەوە گرت و هێزەکانی ڕێژیم تەنانەت نەیانوێرا هەنگاوێک لە پێشمەرگە نێزیک ببنەوە.

دووهەم: ئەو پرسیارە بەرجەستە دەبێتەوە کە بۆچی چالاکی پێشمەرگە لە حەساسترین و میلیتاریزەترین شوێن و ناوشاری شنۆ ئەنجام درا؟ هێزی پێشمەرگە بە چ مەبەستێک دوو سەر لە ئێوارە کۆنتڕۆڵی شوێنەکانی کرد؟ وڵامی پرسیارەکان جیاواز لە نمایشی ئیرادەی هێزی پێشمەرگە ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی شنۆ خۆی به براوەی شەڕی قەرەسەقەڵ دەزانی، بۆ ڕێژیم زەربە بەرچاوەکانی هێزی پێشمەرگە لە بەرانبەر چەند شەهیددا بە دەسکەوت دەهاتە ئەژمار، بۆیە هێزی پێشمەرگە پێویست بوو خەونی سەرکەوتن لە خەیاڵیان دەرهاوێ و پێیان بسەلمێنێ ورە و باوەڕی پێشمەرگە بە شەهید بوون لە ڕێبازی سەربەرزیدا ناڕووخێ.

سێهەم: قووڵایی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارێکی بە تەواوی میلیتاریزەکراوی وەک شنۆ کە کۆماری ئیسلامی پێی وابوو بە زەبری هێزی سەرکوتکەر و جبەخانەی لۆجستیکی سەنگەری بێتۆنی لێ دروست کردووە بە ئاسانی پێشمەرگە دەتوانێ دەستی بە سەر دابگرێ و ورەی داگیرکەر وێران بکات.

چوارەم: خەڵکی دڵبرینداری کوردستان و شنۆ پێویست بوو جارێکی دیکە لە نێزیکەوە ئازایەتی پێشمەرگە ببیننەوە و وەک هاوسەنگەرێکی خۆیان پەیمانی ڕێز و وەفا لەگەڵ یەکتر نوێ کەنەوە. پێویست بوو هاوسەنگەرانی شەهیدانی قەرەسەقەڵ و حەماسەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات ئەرخەیان بن کە ڕێگا و ڕێبازی سەربەرزانەیان تا سەرکەوتن درێژەی هەیە.

جیاواز لە هەموو ئەوانە تاکتیکی حزور لە نێو شاری شنۆ بە مانای هەڵسەنگاندنەوەیەکی نوێی ستراتێژی گۆڕەپانی شەڕ کە دوو لایەنی هێزی پێشمەرگە و سوپای پاسداران لە تای نابەرابەرییەکی بەرچاودان، ئەوان خاوەنی هێزی زۆر و بۆر، پۆشتە و پەرداخ، بەڵام پێشمەرگە خاوەنی کەمترین پێداویستی بەرگری و تەنیا خاوەن چەکی شۆڕش و بیر و باوەڕی نیشتمانی، چەکێک کە سوپای زەبەلاحی تاران لە بەرانبەریدا ناتوانێ خۆ ڕابگرێ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.