کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شار و گوندەکانی کوردستان گۆڕەپانی چالاکیی تەبلیغیین

12:21 - 5 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: قارەمانی دێموکرات، لە شار و گوندەکانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چالاکیی جۆراجۆری تەبلیغیی بەڕێوە دەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، بۆ پشتیوانیی لە خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و پەیمان نوێکردنەوەی لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان بەردەوام چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە دەبەن.

ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری مەریوان، لە گوندی "نێ"ـی هەمیشە دێموکرات، ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵکرد و پەیمانی وەفاداریان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی کوردستان نوێ کردەوە.

هاوکات قارەمانانی دێموکرات لە شاری بۆکان، لە یەکێک لە بەرزایییەکانی ئەو شارە بە ئاگر وشەی "حدکا"یان نووسیوە و پشتیوانیان لە حیزبی دێموکرات دەربڕیوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شارەدێی "پەسوێ" سەر بە شاری پیرانشار، لە جیاتی سەڵای پارشێو، سروودی دوژمنشکێنی "ئەی ڕەقیب"یان لە بڵندگۆی مزگەوت بڵاو کردووەتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە شێوەی بەردەوام چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.