کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری سەقز تەنیا یەک دەفتەری گۆڕینی پلاکی ماشینی هەیە

11:26 - 6 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: هەبوونی تەنیا یەک دەفتەری "گۆڕینی پلاکی ماشین" لە شاری سەقزدا بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئەم شارە کاتێکی چەند ڕۆژە بۆ گۆڕینی پلاکی ماشینەکانیان تەرخان بکەن کە ئەمە ناڕەزایەتیی خەڵکی بەدوای خۆیدا هێناوە.

گۆڕینی پلاکی ماشین پرۆسەیەکی کورتخایەنە و هەندێک جار تەنیا یەک کاتژمێر کات دەبات، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئینتیزامی و بواری هاتوچۆ، ئەم کارە بووەتە کێشەیەکی جیددی بۆ خەڵک، چونکە خاوەنی ماشینەکان ناچارن لە کاتژمێر ٥ی بەیانییەوە، هەتا کاتێکی درەنگ لە نۆرەی گۆڕینی پلاکی ماشیندا بمێننەوە و هەندێک جاریش دەبێ کاتێکی چەند ڕۆژەی بۆ تەرخان بکەن.

گۆڕینی پلاکی ماشین لە شارەکانی ئێراندا وەکوو کارە ئیدارییەکانی دیکە، زۆر بە خاوی ئەنجام دەدرێت و هیچ ناوەند و ئیدارەیەکی ڕێژیمیش لەم بوارەدا ئاوڕێک لە دۆخی کارە ئیدارییەکان ناداتەوە، هەر بۆیە زۆربەی کارە ئیدارییەکانی خەڵک بێئاکام ماونەتەوە و هیچ بەرپرسێکیش لە بەرانبەر ئەم بێئاکام مانەوەیەدا خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.