کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٩ شاری ئێران لە دۆخێکی قەیرانیی کەمئاویدان

12:42 - 13 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: دۆخی کەمئاوی لە ئێراندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەیرانیتر دەبێت و لە ئێستادا ٥٩ شاری ئێران دۆخێکی قەیرانییان لە بواری ئاودا هەیە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ٥٩ شاری ئێران لە بواری کەمیی ئاو لە دۆخێکی قەیرانیدان، یانێ زیاتر لە ٢٠ لەسەد، ئاو کەمیی هەیه.

ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن کە ئەمساڵ نزیک بە ٢٨.٦ ملیۆن کەس لە حەشیمەتی ئێران لەژێر هەڕەشەی کەمئاویدا بوونە، بەڵام بارینی باران قەرەبووی دۆخەکەی کردەوە.

لەوبارەیەوە دوکتور "مەنسوور سۆهرابی"، لێکۆڵەری بواری ژینگە و ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتێژیکی دیاسپۆرای کوردی باسی لەوە کرد: "ئەو ئامارەی ڕێژیمی ئێران لە ڕاستی دوورە، چونکە لە ئێستادا ٨٠ شاری ئێران تووشی کەمئاوین. هاوکات ئەو دۆخە درێژەی هەیە و قەیرانیترە".

دۆخی کەمئاوی خەریکە ئێران بەرەو ئاقارێکی زۆر مەترسیدار دەبات و ئەگەر ڕێژیم هیچ پلانێکی نەبێت، لە ٣٠ ساڵی داهاتوودا ئەو وڵاتە دەبێتە وڵاتی ڕۆحەکان.

ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، دامەزراوەی ئاشتیی ئامریکا ڕایگەیاندبوو: "مەترسییەک کە بەهۆی قەیرانی ژینگەییەوە هەڕەشە لە ئێران دەکات، زۆر زیاتر لە ململانێی سیاسییە".