کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداریی "نەڵۆس" حەقدەستی کرێکارانی نادات

12:11 - 22 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: حەقدەست و مووچەی دواکەوتووی هەر کام لە کرێکاران و فەرمانبەرانی شارەداریی "نەڵۆس"، زیاتر لە ٢٥ ملیۆن تمەنە و بەرپرسانی پێوەندیداریش هیچ ئاوڕێک لەو دۆخە نادەنەوە.

مووچە و حەقدەستی پێنەدراوی هەر یەک لە کرێکاران و فەرمانبەرانی شارەداریی "نەڵۆس" لە ئەمساڵدا و هەروەها وەدواکەوتنی حەقدەست و سەرمووچەی کرێکارانی ئەو شارەدارییە لە ساڵی ٩٧دا، سنووری ٢٥ ملیۆن تمەنی تێپەڕاند و ئەمە بووەتە هۆی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی کرێکاران و فەرمانبەرانی ئەو شارەدارییە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی شار و شارۆچکە و تەنانەت بەرپرسانی پارێزگا و نوێنەری مەجلیسیش بەڵێنیگەلێکیان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە بە کرێکاران دابوو، بەڵام تا ئێستا هیچیان بە کردەیی نەکراونەتەوە.

بێکیفایەتی و نابەرپرسایەتیی بەرپرسانی شارەدارییەکان وای کردووە کە لە ئێستادا لە زۆربەی شارەدارییەکانی ئێران، بەتایبەتی لە شارەکانی کوردستاندا، مووچە و حەقدەستی کرێکاران نادرێت و هیچ چاوەدێرییەکیش بەسەر ئەو کێشەیەدا ناکرێت.