کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەکانی کوردستان پیرۆزبایی ٢٥ی گەلاوێژیان کرد

13:08 - 26 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات پەیامی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە و وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی دێموکرات دەربڕی.

دەقی پەیامەکان بەم چەشنەیە:

پەیامی پیرۆزبایی ئەندامانی حیزب لە گوندی "دۆڵاو" لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە

بەڕێزان و تێکۆشەرانی جەرگەی خەباتی ڕزگاری گەل و نەتەوە، پێشمەرگە گیانلەسەردەستەکانی نێو سەنگەری شەرەف،  بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان و بەندکراوانی خۆڕاگری سیاسی، ئەمساڵ لە ھەلومەرجێکی تایبەتدا ئەم ڕۆژە دەکەین بە جێژن و شایی و پەیمانی وەفاداری، بەردەوامی و تێکۆشان تا سەرکەوتنی ڕێبازی دێموکرات  دووپات دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین ھەموومان پێکەوە "ڕاسان" تا گەیشتن بە ئامانج بەردەوام دەکەین.

لاوان و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کوردانی دانیشتوویی "تاران" و "دەماوەند"

سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی ڕێبەر و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی وڵاتمان کوردستان.

ئێمەش بەپێی ئەرکی سەرشانمان و هەستی دەروونی خۆمان، ۲٥ی گەلاوێژ لە هەموو خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و کادر و پێشمەرگە قارەمانەکان و ئەندامان و دڵسۆزانی کوردستان پیرۆز دەکەین، هەروەها پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی بەڕێز و تێکۆشەر "مستەفا هیجری" دەکەین و پەیمانی وەفاداری لەگەڵ ڕێبازی دێموکرات نوێ دەکەینەوە.

ئێمە کۆمەڵێک له مامۆستايانى قوتابخانەكانى ڕۆژهەڵات، وەک ئەندام و لایەنگر و دۆستی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، پیرۆزبایی خۆمان بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٤ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە هەموو ڕێبوارانی ڕێباز و قوتابخانەی دێموکرات دەکەین. پەیمان لەگەڵ حیزبی دێموکرات و شەهیدان نوێ دەکەینەوە، وەک پێشمەرگەی شار لە سەنگەری قوتابخانە و خەباتی شار تا سەرکەوتن، لە پێناو ئامانجەکانی دێموکرات، لە خەباتی شار بەردەوام بین.

له لایەن پێشمەرگەکانی شار لە ژاوەرۆ

بە ناوی خودا و  خاکی پیرۆزی کوردستان

سڵاو لە ئاڵای سەربەرزی کوردستان

۲۵ی گەلاوێژی ۱۳۲۴، کە حیزبی دێموکرات دادەمەزرێت ڕۆژێکی میژوویی و زۆر قەدرگران بۆ نەتەوەی کورد بە ئەژمار دێت، چون حیزبی دێموکرات یەکەمین حیزبە لە مێژووی کوردستان، کە سروودی فەرمی و نەتەوەیی "ئەی رەقیب"، دەکات بە سروودی نەتەوەیی کورد ، یەکەمین ئاڵای ڕەسمی کوردستان درووست دەکات و یەکەمین کۆماری کوردستان دادەمەزرێنێت و بۆ هێزە چەکدارەکانی ناوی پێشمەرگە هەڵدەبژێرێت  .

ڕێبەرانی زۆر ژیر و زانا وەکوو: "پێشەوا قازی محەممەد" ، "شەهید سلێمان موعینی"، "دوکتور قاسملوو" و "دوکتور سادق شەرەفکەندی"، حیزبی دێموکراتیان پەروەردە کردووە و حیزبی دێموکرات بووەتە  زانکۆیەک، کە هەزاران هەڵۆی تیژفڕ و مامۆستا و لاوی ژیر و زانا وەکوو: شەهیدان " خەلیل خەلەبان"، "خدرە سوور"، "سەروان حاتەم"، "ناسر و مەنسووری ڕەشە هەورامی"، "سەروان چەکۆ"، "هەمزە بێهنام"، "سەرکەوت سەمەدی"، "شۆڕش مینبەری"و "کاوە جەوانمەرد"ی، پەروەردە کردووە.

 دەبێت خەڵکی بەشەرەفی کوردستان، ڕێز و حورمەتی زۆر بۆ ئەم حیزبە دابنێن، هەر وەها کە دایانناوە، ئێمە خەڵکی ژاوەرۆ، لە شاخەکانی "کوچکە سوور"، "کالیسەر" و "کۆساڵان" و "شاهو"، پیرۆزبایی ئەم جێژنە زۆر پیرۆزە لە نەتەوەی کورد و ئەندامان و لایەنگران و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەین و بەخوێنی شەهیدانمان سوێند دەخۆین، بەشانازییەوە تا دواین دڵۆپی خوێنمان ڕێبواری ڕێگای دێموکرات دەبین و گیانفیدایی بۆ دەکەین.

بەرز و پیرۆز بێت ۲۵ی گەلاوێژ

سەرکەوێ خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد

پەیامی پیرۆبایی بنەماڵەی شەهیدان، ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی "مێراو"

خەڵکی مافخوازی کوردستان

ئێمە وەکوو خەڵکیگوندی "مێراو"، سەر بە ناوچەی "ژاوەرۆ"ی سنە، هەروەها بنەماڵەی شەهیدان، ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو گوندە، پیرۆزبایی خۆمان له

هەموو خەڵکی بەشەرەفی کوردستان، بەتایبەت تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری کوردستان، لە سەرانسەری کوردستان بە شاخ و شارەوە دەکەین.

لەم ڕۆژەدا به هەڵکردنی ئاڵای جوان و پیرۆزی نیشتمانەکەمان و سەماکردنی جامانە، لەسەر شاخەکانی کوردستان و کردنەوەی ئاگری ۲۵ی گەلاوێژ، وەفاداریی خۆمان بەرانبەر بە حیزبەکەمان نوێ دەکەینەوە و ئامادەین لەو ڕێگایەشدا گیانی خۆمان پێشکەش به ڕێباز و ئامانجی حیزبەکەمان و ئاواتی شەهیدان بکەین.

جارێکی تر، هاوکات لەگەڵ پیرۆزبایی ۲۵ی گەلاوێژ ، ۷٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیمانی وەفاداریی خۆمان لەگەڵ حیزبی دێموکرات نوێ دەکەینەوە.