کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەکانی کوردستان گۆڕەپانی چالاکیی تەبلیغیین

11:49 - 15 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری هاتنی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان چالاکیی تەبلیغیی بە مەبەستی ڕێزگرتن لە پێشمەرگەی کوردستان به شێوەیەکی بەرین بەڕێوە چووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆڵەکانی دێموکرات و پێشمەرگەکانی شار بە هاوکاریی یەکتر، لە شارەکانی بانە، ورمێ، مەریوان، نەغەدە و بۆکان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

لە شاری بانەی خۆڕاگر، تێکۆشەرانی دێموکرات، به بۆنەی هاتنی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە گەڕەکی "پیرمراد و دووکانان" و هەرەوەها گوندی "بڵەسەن" تراکت و پۆستێری تایبەت بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانیان بڵاو کردەوە.

قارەمانانی دێموکرات لە شاری نەغەدە بۆ ڕێزگرتن لە پێشمەرگە، لە شوێنەکانی وەک "گەڕەکی عەجەمان، شەقامی شازدە دەزگا و پارکی مەعەلیم چالاکیی  تەبلیغییان بەڕێوە برد.

قارەمانانی دێموکرات لە شاری بۆکان بۆ جارى دووهەم پێشمەرگەكانى شار، له  شارەکی سەنعەتى، گوندەكانى ناوچەى بۆكان، تابلۆى جاددەی گوندەكانى ناوچەى فەرهادتاش به بڵاوكردنەوەى تراكت و سى.دى ڕێزيان له ڕۆژى پێشمەرگه گرتووه، کە خۆشحاڵیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.

چالاکییە تبليغاتییەکانی ئەندامانى حيزب بە ڕادەيەک بوو،  کە هێزێکى زۆرى چەكدارى پاسدار و جاش له بۆكان و گوندەكان بڵاوەيان پێ کراوە.

ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و ڕۆڵەکانی ڕاسان لە شاری بۆکان، بۆ جارێکی دیکە خۆشەویستی و ڕێزی خۆیان بە شێوەی چالاکیی بەرینی تەبلیغی بۆ هێزی پێشمەرگە دەربڕی.

هەر لەم پێوەندییەدا لە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ۲۷۱۸ی کوردی، پێشمەرگەکانی شار بە هاوکاریی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی شاخ لە شار و گوندی بۆکان چالاکیی بەرینی تەبلیغیان بەڕێوە برد.

 شوێنی چالاکییەکان بریتین لە: "ئوشتەپە، ناچیت، شەهرەکی پیشەسازی و نێو پیشەسازان بەگشتی، کوڵتەپەی قورمیش، کانی سەیران، ئەربەنووس، قوتابخانەی ئەحەدی ئەربەنووس، گوندی سەرچاوە و دەوری مزگەوت، قوتابخانەی گوندەکان بەگشتی چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە چووە.

شۆڕشگێڕانی دێموکرات لە شاری مەریوان بۆ جارێکی دیکە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە پێشمەرگە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و لە گوندی "سەردۆش" وێنە و تراکتی تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو چالاکییە تەبلیغییانەدا، لە شاری ورمێ لە ناوچەی مەرگەوەڕ بەرەو پیری ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان چوون و بە نووسینی دروشمی تایبەت بەو ڕۆژه، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژە ڕێزیان لە پێشمەرگە گرت.