کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە جۆرەکانی خزمەتگوزاری بێبەشن

11:36 - 6 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستانی ڕۆژ‌هەڵات، لەگەڵ کێشەی خزمەتگوزاری بەرەوڕوون؛ لە زۆربەی شوێنەکاندا هێڵی موبایل کار ناکات و لە زۆر شوێنی دیکەشدا دارتێل بۆ ڕووناک کردنەوەی کۆڵانەکان دابین نەکراوە.

زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، لەوانە شارەکانی سەقز، بانە، مەریوان و هەروەها شوێنەکانی دەوروبەری شاری سنە وەک: نەنەڵە، دووشان، ئاساوڵە و حەسەناوا و نایسەر دارتێلیان نییە و شەوانە کۆڵانەکان زۆرتر لە تاریکەبازاڕ دەچن تاکوو شوێنی ژیانی خەڵک.

گەڕەکی بەهارستانی نایسەر، کە ٦٠٠ هەتا ٧٠٠ کەس حەشیمەتی هەیە و خەڵک لە بەر تاریکبوونی کۆڵانەکانی ناوێرن لە خانووەکانیان بێنە دەرەوە.

بە وتەی خەڵکی نایسەر، ٨٠ تا ٩٠ لەسەدی خەڵکی ئەو شوێنە مۆڵەتی کۆتاییی کاری خانووەکانی خۆیان لە شارەداری وەرگرتووە، بەڵام هێشتا کارەبایان پێ نەدراوە.

هیوا لهۆنیان بەرپرسی دابەشکردنی کارەبا  لەم بارەوە دەڵێت: ١٠٠٠ خانوو لە دەستووری کارماندا بوو و خەریکی کارکردن لەسەر ئەو بابەتە بووین، بەڵام بەخشنامەیەکی تازە بە ئێمە دراوە کە کارەکانی ڕاگرتووین.

لە لایەکی تریشەوە زۆربەی خەڵکی ئەم شارانە بە هۆی نەبوونی ئانتنی هێڵی موبایل تەنگیان پێ هەڵچنراوە.

دەیان شوێن لە پارێزگای سنەدا هەن، کە لەو شوێنانەدا موبایل ئانتن نادات و پێوەندییەکانی خەڵکی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووەتەوە، که بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ٩٠٠ شوێنن.

 خەڵکی ئەو شوێنانە دەڵێن، سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەکانمان لە سنەشدا کردووە، بەڵام لە لایەن بەرپرسانەوە هیچ وڵامێکمان وەرنەگرتووە.

فەردین سەعیدی، بەرپرسی "فەناوەری ئیتلاعات"، دەڵێت: ٥٠٠ گوند لە پارێزگای سنە لە ئانتنی موبایل بێبەرین؛ هەر دەکەڵێکی موبایل ١ میلیارد تمەن تێچووی هەیە و دابینکردنی کارەباکەی هەندێک لەو ماڵپەڕانە ٥٠٠ تا ٦٠٠ میلیۆن تمەن تێچووی هەیە و هەوڵ دەدەین لە پرۆژەیەکی ٣ ـ ٤ ساڵەدا و بەپێی بوودجەی دەوڵەت ئەم کێشە چارەسەر بکەین.

نەبوونی خزمەتگوزاری لە شارەکانی کوردستان و پەراوێزخستنی ئەم شارانە لە بەرنامە درێژخایەنەکانی ڕێژیمی ئێرانە، کە ساڵانێکە بۆ لەنێوبردنی نەتەوەی کورد و ناچار به کۆچکردنیان و بەجێهێشتنی شارەکانی کوردستان لە ئارادایە.