کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی HDP سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کرد

17:30 - 17 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی پارتی دێموکراتی گەلان (HDP)  سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە شاری هەولێر کرد و کردەوەی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، شاندێکی هادەپ (HDP) پێکهاتوو لە خاتوو "موزەییەن گونەش" و کاک "عابد ئیکە" سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێریان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی نوێنەرایەتی حیزب بە سەرپەرستیی "محەممەد ساڵح قادری" نوێنەری حیزبی دێموکرات لە هەولێر پێشوازییان لێکرا.

لەو دیدارەدا شاندی هادەپ؛ وێڕای شەرمەزارکردنی کردەوە تێرۆریستییەکەی ڕێژیمی ئێران بە نیسبەت مووشەکبارانی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات، هاوخەمی و سەرخۆشی خۆیان سەبارەت بە شەهیدکران و برینداربوونی پۆلێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات دەربڕی.

شاندی دوو لایەن وێڕای تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی ناوچە و پیلانی داگیرکەران دژ بە نەتەوەی کورد، پتەوکردنی پێوەندی و هەلوێستی کردەیی نێوان هێزە کوردستانییەکان دژی ئەو قەڵاچووە سیستماتیکەی کە لە لایەن دوژمنانی کوردەوە بەرامبەر بە گەلەکەمان بەڕێوە دەچێت، بە زەرووری زانی.

لە کۆتایی دیدارەکەدا محەممەد ساڵح قادری سپاس و پێزانینی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ هەڵوێستی ڕاشکاوانەی هادەپ بەرامبەر بە کردەوە تێرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامی و پەرۆشی و هاوسۆزیان لەگەل بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەربڕی.