کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی KNK سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتیان لە هەولێر کرد

22:09 - 19 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی كورد (KNK) سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی  دێموکراتی كوردستانی ئێرانیان لە شاری هەولێر کرد.

ڕۆژی  پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، بە سەرپەرەستیی "شوکروڵڵا حەمەدەمین" سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتیان لە شاری هەولێر کرد و لە لایەن هەیئەتێکی دەفتەری نوێنەرایەتی و ڕێبەرایەتی حیزبەوە بە سەرپەرەستی "محەمەد ساڵح قادری" پێشوازییان لێکرا.

لەو دیدارەدا شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ، وێڕای سەرەخۆشی و هاوخەمی دەربڕین سەبارەت بە شەهیدان و بریندارانی كردەوە تێرۆریستییەكەی ڕێژیمی ئێران، هاوكات مووشەكباران و كردەوە جینایەت خولقێنەكانی ڕێژیمی ئێرانیان دەرهەق بە حیزبی دێموكرات و جووڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، شەرمەزار كرد.

شاندی دوو لایەن بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەكانی بەردەم جووڵانەوەی كورد و پیلانی هاوبەشی نەیاران لەم قۆناغە هەستیارەدا، جەختیان لەسەر بەهێزكردنی تەبایی و یەكڕێزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان و جەماوەری كوردستان كردەوە و ئامادەییان بۆ پێوەندیی بەردەوام و هەماهەنگی زیاتر لە بوارە جیاجیاكاندا بۆ بە كردەییكردنی ئەم مەبەستە دەربڕی.