کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزب لە ئاڵمان سەردانی پارتی یەکیەتیی دێموکراتیکی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد

13:02 - 30 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوەی نێوان شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی یەکیەتیی دێموکراتیکی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر پاراستنی یەکیەتیی نەتەوەی کورد گفتوگۆ کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ۲٦ی خاکەلێوە، شاندێکی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەسەرپەرەستیی حاجی جوندی بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی بێرلین سەردانی کۆمیتەی پارتی یەکیەتیی دێموکڕاتیکی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد و لە لایەن بەڕێز عەلی کەماڵ "ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی دێموکراتیکی ڕۆژئاوای کوردستان" پێشوازیان لێ کرا.

لەو دانیشتنە دۆستانەدا، باس لە ڕووداوەکانی ڕۆژی ناوچە و جیهان و بەتایبەت دۆخی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستاندا کرا و هاوکات جەخت لەسەر درێژەپێدانی پێوەندی دۆستانەی دوو لایەن کرایەوە.

 لە درێژەی گفتوگۆی دوو لایەندا، شاندی حیزب ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە پێداگری لەسەر پاراستنی یەکیەتی و تەباییی ڕیزەکانی گەلی کورد کردووە و ئێستاش هەروا مکوڕتر لە پێشوو و لەسەر بنەمایی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی هەوڵی ڕێکخستنی ماڵی کورد دەدات و لەگەڵ کۆی ئەو هێز و لایەنە کوردیانەی باوەڕیان بە خەباتی نەتەوەی کورد لە پێناو وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی هەیە، دۆستایەتی پتەوی هەیە.