کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات بەشداریی لە سێمینارێکی تایبەتدا کرد

12:35 - 8 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سێمینارێکی تایبەت بە پێکهێنانی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کولتوورییەکان لە وڵاتی نۆروێژدا  بەشدارییان کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەندان، شاندێکی حیزب، بە سەرپەرەستیی "مەنسوور عەزیزی"، لە سێمینارێکی تایبەت بە پێکهێنانی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کولتوورییە کوردییەکان لە نۆروێژدا بەشداریی کرد، کە لە لایەن چەند کۆمەڵەیەکی کولتووریی کوردی و کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان لەو وڵاتەدا، ئامادەکاریی بۆ کرابوو.

لەو سێمینارەدا کە نزیک بە چوار کاتژمێری خایاند، کۆمەڵێک باس وەک: "پێویستییەکانی پێکهێنانی وەها کۆنفدراسیۆنێک، چۆنیەتیی پێکهێنانی ئەو کۆنفدراسیۆنە، کاریگەرییەکانی بوونی وەها ناوەندێکی گشتگیر بۆ هەموو کوردەکان لە وڵاتی نۆروێژ، درانە بەرباس و هاوکات باسێکی ورد لەسەر مێژووی هەوڵدان بۆ دروستکردنی وەها کۆنفدراسیۆنێک، لە لایەن بەڕێوەبەرانی سێمینارەکەوە تیشکی خرایە سەر.

شاندی بەشداربووی حیزب لەو کۆبوونەوەیە، تێڕوانین و بۆچوونەکانی خۆی پێشکەش بە سێمینارەکە کرد و ئامادەییی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی لە پێناو پێکهاتنی ئەو کۆنفدڕاسیۆنە، لە هیچ هەوڵێکی دروست، خۆ نابوێرن.