کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ٧٣ ساڵەی پارتی دێموکراتی کوردستانی کرد

12:24 - 28 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئید، بەشداریی لە ٧٣ـهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دێموکراتی کوردستانی کرد.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٢٦ی گەلاوێژی، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی لیژنەی ناوچەی "پارتی دێموکراتی کوردستان" لە وڵاتی سوئید، شاندێکی کۆمیتەی گشتیی "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"، بە سەرپەرستیی "تەیموور مورادی"، لە ڕێوڕەسمی ٧٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەو حیزبەدا بەشداریی کرد.

ئەو ڕێوڕەسمە، لە شاری "ستۆکهۆڵم" و بە بەشداریی دوکتور"جەعفەر ئێمنکی"، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکراتی کوردستان و نوێنەرایەتیی "حکوومەتی هەرێمی کوردستان"، لە وڵاتی سوئید، نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و عێراقییەکان و چەندین کەسایەتی، بەڕێوەچوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا وێڕای پەیامی لیژنەی ناوچەی پارتی، دوکتور "جەعفەر ئێمنکیـ"ـش، چەند وتەیەکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.

شاندی حیزبی دێموکرات وێڕای پیرۆزباییکردن لە بەرپرسانی پارتی دێموکرات، هیوایان خواست کە درێژە بە پەیوەندیی دوولایەنە و هاوخەباتی و هاوپشتیوانیی زیاتر لە ڕاستای پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییە هاوبەشەکاندا بدەن.