کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات سەردانی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرەی ئامریکا کرد

11:08 - 29 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی ئامریکا، ئامار و ڕاپۆرتەکانی ئامادەکراوی ئۆرگانە جیاوازەکانی حیزبی دێموکراتی پێشکەش بە کۆمیتەی پێوەندییەکانی کۆنگرەی ئامریکا کرد.

''ئارش ساڵح''، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی ئامریکا لەگەڵ دوکتور ''چنوور فەتاحی''، هاوکاری پێوەندییەکان لەو وڵاتە، سەردانی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرەی کرد و لەگەڵ "پیتێر بیلێربێک" کۆ بووەوە.

لەم چاوپێکەوتنەدا، شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای ئاماژەیەکی کورت لەسەر بارودۆخی هەنووکەییی ئێران و ناوچەکە باسیان لەوە کرد، کە ئەم هەڵسوکەوتەی ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوە هەڵقووڵاوی سروشتی ئەم وڵاتەیە.

لەم چاوپێکەوتنەدا، ئارش ساڵح، بە ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا وتی: کە خەڵکی ئێران هەست بە گوشار دەکەن و بە شێوەیەکی گشتی ڕێژیمی ئێران و ناکارامەیی و شەڕەنگێزییەکەی هۆکاری پێکهێنانی ئەم دۆخەن.

لە درێژەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئامریکا، بە ئاماژە بە هەندێک هیوا کە لە شاری واشینگتۆن لە لایەن ئامریکاییەکانەوە دروست بووە، کە لەوانەیە دوای مردنی خامنەیی قەیرانێک بێتە ئاراوە کە ببێتە هۆی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران، وتی: کە تەنیا دانیشتن و هیوا بەستن بەوەی کە خۆی لە خۆیدا شتێک ڕوو بدات نامانگەیەنێت به هیچ شوێنێک، بەڵکوو ئامریکا پێویستە یارمەتی نەتەوەکانی ئێران بدات بۆ بەهێزکردن و بەتواناکردنیان، کە بە باشترین شێوە لەو هەلە کەڵک وەربگرن.

ئارش ساڵح باسی ئەوەی کرد، کە هێندێک ئاماژە هەن، کە نیشان دەدەن ڕێژیمی ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانە و بۆ دەستنیشانکردنی جێگرەوە خامنەیی هەر لە ئێستەوە خەریکی دانانی پلانە. هەروەها ئاشکرایە کە لایەنی ئیسڵاحتەڵەب بەگشتی لەگەڵ پلانەکەدان.

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی ئامریکا، هەروەها باسی لەسەر ئەوە کرد، کە ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا باس لە گوشاری لانی زۆری بۆ سەر رێژیمی ئێران دەکات، لە ڕاستیدا شتێکی باشە؛ بەڵام ڕێژیمی ئێران ئەگەرچی بە گوشاری لانی زۆری ئامریکا تا ڕادەیەکی زۆر لاواز دەبێت، بەڵام بە تەنیا لە ئاکامی ئەو گوشارە نە دەڕووخێت و نە تەنانەت هەڵسوکەوتی دەگۆڕێت.

ئارش سالح، بە ئاماژە بە فاکتەری ئایدئۆلۆژیبوونی ڕێژێمی ئێران وتی: کە ئێران بە دوای ئەوەیە کە بە کونتڕۆڵکردنی هێندێک شوێن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و تەنانەت بە گۆڕینی باری دێموگرافی ئەو شوێنانە، توانای شەڕێکی درێژ و ناموتەعارەفی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل و ڕۆژاوا بباتە سەرەوە.

لەم چاوپێکەوەتنەدا، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی کرد، کە ئەم ڕەوتەی ڕێژیمی ئێران دەستی پێ کردووە و نزیک چل ساڵە لە هزر و ئایدئۆلۆژی و تەنانەت خەونەکانیشیدا پەروەردەی دەکات تەنیا بە گوشارەوە لە دەرەوە گۆڕانی بەسەردا نایت، بەڵکوو ئەم ڕێژیمە پێویستە لە نێوخۆشدا ئەو گوشارانە هەست پێ بکات.

لە درێژەدا شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەندین بەڵگە و ئاماری ئامادەکراوی ڕاگەیاندن و ئورگانە جیاوازەکانی حیزبی دێموکراتیان پێشکەش بە کۆمیتەی پێوەندییەکانی کۆنگرەی ئامریکا کرد و وتیان: کە ئەمە تەنیا نموونەیەکن و دەتوانن بۆ بەبەڵگەییکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا یارمەتیدەری ئێوە بن.