کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە سێمینارێک لە وڵاتی نۆروێژدا بەشداری کرد

14:13 - 26 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سێمینارێک لە پارلمانی نۆروێژدا کە  لە لایەن پارلمانتارەکانی حیزبی سوسیالیستی چەپی نۆروێژ ئامادە کرابوو، بەشداریی کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٤ی بانەمەر، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە ''گەلاوێژ محەمەدی''، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نۆروێژییەکان، ''ئیسماعیل عەلیپوور''، ئەندامی کۆمیتەی گشتی لە وڵاتی نۆروێژ، ''سیروان قادەرزادە ''،هاوکاری بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نۆروێژیەکان و ''شۆڕش قادەرزادە''، بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی ئۆستفۆڵد، لە سێمیناریک لە پارلمانی وڵاتی نۆروێژدا کە لە لایەن پارلمانتارەکانی حیزبی سوسیالیستی چەپی نۆروێژ ئامادە کرابوو، بەشدارییان کرد.

ئەم سێمینارە بۆ نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان و چەند کەسایەتیی نۆروێژی ڕێکخرابوو.

ئەم سێمینارە لە دوو تەوری سەرەکی پێکهاتبوو کە تەوەری یەکەم باسێک بوو لەسەر پرسی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا.

لە بڕگەی یەکەمی ئەم بەشەدا، هەر یەکە لە ''پیتێر ئیدە''، پارلمانتاری سۆسیالیستی چەپی نۆروێژ و ''گەراڵد كادۆر فۆلکڤۆرد''، ڕاوێژکاری سیاسی لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بە وردی لەسەر پێشێلکردنی مافی کەمە نەتەوەکان لە وڵاتەکانی ئێران، تورکیە، عێراق و سووریە، دوان.

لەو سێمینارەدا، نابراوان جەختیان لەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کورد کردەوە و هاوکات پێشێلکردنی مافی نەتەوایەتیی گەلی کوردیان لە لایه‌ن هەر یەک لەو وڵاتانەوە هێنایە بەر باس.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم سێمینارەدا، ''عەبدوڵڵا حیجاب، بەهار فەیزوڵڵا و هەندرێن نەزیر''، لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، عێراق و سوریەدا، باسێکیان پێشکەش کرد.

لە دوایین بڕگەی بەشی یەکەمی سێمینارەکەدا بەشداربووان لەسەر مافی مرۆڤ لە هەر یەک لە بەشەکانی کوردستان ڕای خۆیان هێنایە بەر باس.

هەروەها ڕاپۆرتێک لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە بە هاودەنگیی سێ حیزبی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئامادە کرابوو، لە لایەن ''سیروان قادەرزادە''وە، ڕادەستی بەڕێوەبەرانی سێمینارەکە کرا.

لە تەوەری دووهەمی ئەم سێمینارەدا، چۆنیەتیی کارکردنی حیزب و لایەنە کوردییەکان و ئەندامانی چالاکی حیزبە نۆروێژییەکان، لەسەر مافی مرۆڤ لە پارلمانی نۆروێژ، بۆ باشترکردنی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکان، باسی لێ کرا. 

لەم بەشەدا، بەڕێوەبەرانی سێمینارەکە و هاوکات بەشێک لە بەشداربووانی سێمینار، ڕا و بۆچوونی جیاوازیان هێنایە بەر باس.

بەم شێوەیە دەرگایەک بۆ پشتیوانی لە مافی ڕەوای گەلی کورد، بەتایبەت لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە کرایەوە.