کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە سێمینارێکی لە وڵاتی هولەنددا بەشداری کرد

15:57 - 29 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەشداری لە سێمینارێکی پارتی ماف و ئازادی لە وڵاتی هولەنددا کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوە، لە شاری لاهەی وڵاتی هولەند، سێمینارێک بۆ سەرۆکی پارتی ماف و ئازادی کەمال بورکای لە ژێر ناونیشانی ڕێگای ئازادی پێک هات.

سێمینارەکە بە ڕاگرتنی خولەکێك بێدەنگی بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێكرد. پاشان لە بەشی یەکەمی سێـمینارەکەدا کەمال بورکای باسێکی هەمەلایەنەی لە بارەی کورد بەگشتی کرد و چاوێکی بە ڕابردووی نزیک بە چوار دەیەی بەر لە ئێستەدا کرد، کە چۆن لەو سەردەمەدا هەموو نووسراوەیەکی کوردی نەک ئیزن پێدراو نەبوون، بەڵکوو سزاشی لەسەر بوو، ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ یەکەمجار داوامان کرد، کە با ڕێگە بدەن بە زمانی کوردی بڵاوکراوە هەبێت، لە وڵامدا پێیان وتین: بە هەموو زمانێک ئینگلیزی، ڕووسی، تورکی، عەرەبی و ڤێتنامیش دەتوانن، بەڵام بە کوردی ناتوانن، باسەکەی گەیاندە ئێستە، کە چۆن لە وڵاتی تورکیا ئێستە لە ژێر سێبەری دڵسۆزانی کورد پەرتووک و نووسراوە بە زمانی کوردی بڵاو دەکرێتەوە، کە بە وەرچەرخانێکی گرینگ وەسفی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر کورد سیاسەتێكی حەکیمانەی دوور لە توندوتیژی بگرێتە بەر، پرۆسەی ئاشتی زووتر جێ دەگرێت، لە بەشی دووهەمی سێمینارەکە تەرخان کرا بۆ سەرنج و پرسیاری بەشداربووان کە وەڵامیان لە لایەن کۆرگێڕەوە درایەوە.

جێگای ئاماژەیە، کە شاندی حیزبی لەسەر بانگهێشتی فەرمی پارتی هاکپار بەشداری سێمینارەکەی کردبوو.