کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژدا کۆبونەوەیەکی پێک هێنا

13:39 - 29 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ نوێنەرانی پارتی کرێکاری نۆروێژدا کۆبونەوەی پێک ‌هێنا.

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردان، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی ''مەنسوور عەزیزی''، جێگری بەرپرسی بەشی پێوەندییەکان لە وڵاتی نۆروێژدا، لەگەڵ نوێنەرانی پارتی کرێکاری نۆروێژیی "ئاربایدر پارتی"، کە پێک هاتبوون لە "سڤاین ڕۆڵد ‌هانسن"، ئەندامی پارلەمان و "ماریانا مارتینسن"، لە کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی "ئاربایدر پارتی"، لە پارلەمانی ئەو وڵاتە، کۆ بووەوە.

لەم کۆبوونەوەیەدا، کە لەسەر داواکاریی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات پێک هاتبوو، لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە باس هاتە ئاراوە:

- بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەگەری شەڕ لە ناوچەکەدا و ئەو کارە  گێرەشێوێنانەی کە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا ئەنجامیان دەدات، وەک ئاگرتێبەردانی پاپۆڕە نەوتهەڵگرەکانی وڵاتانی ناوچەکە، ناردنی چەکوچۆڵ بۆ حوسییەکانی یەمەن و "حیزبوڵڵا" و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە و کاریگەریی نەرێنیی ئەو ڕەفتارانە لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان بە گشتی.

- پیتاندنی ئۆرانیۆم لە لایەن ڕێژیمەوە لە ئاستی سەرەوەی ٣٠٠ کیلۆگرەم بە گوێرەی قسەی بەرپرسانی پلەبەرزی ڕێژیم و هەڕەشەی ڕێژیم بۆ دەرچوون لە ڕێکەوتنی ناوکی.

- بارودۆخی گەلانی ئێران لەژێر ئەو زەخت و گوشارە ئابووری و سیاسییانەی کە بە هۆی ڕێژیمی ئێرانەوە هاتۆتە سەریان و ناڕەزایەتیی خەڵک لەو ڕێژیمە.

- نەتەوەکانی کورد و عەرەب و نەتەوە چەساوەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی جوغرافیای سیاسیی ئێران و هەوڵی ئەوان بۆ ڕزگاریی خۆیان و گەیشتن بە ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدراڵ.

- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕوانگەی حیزب لەسەر داهاتووی ئێران و پەیوەندیی حیزب لەگەڵ حیزبە سەرانسەرییە ئێرانییەکانی دژبەری ڕێژیم.

- تاوتوێکردنی پێشنیاری پلانی هاوبەش بۆ هەندێک چالاکیی نێوان حیزبی دێموکرات و حیزبی کرێکاری نۆروێژیی "ئاربایدر پارتی".

- لایەنە چەپ و سوسیال دێموکراتەکانی وڵاتی نۆروێژ و بایەخنەدانی پێویستی ئەوان بە دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە لایەن شاندی حیزبی دێموکراتەوە ئاراستەی شاندی خانەخوێ کرا.

لەمەڕ ئەو پرسە، لە وەڵامی شاندی حیزبی دێموکراتدا، نوێنەرانی "ئاربایدر پارتی" ئاماژەیان بەوە دا کە حیزبەکەیان لەسەر پرسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی، لەم بارودۆخە نوێیەدا کە ئاڵوگۆڕەکان زۆر خێران، بە زوویی هەڵسەنگاندنی نوێیان دەبێت و ئەو هەڵسەنگاندنە زۆر خاڵ، کە یەک لەوان خاڵی تایبەت بە کوردەکانە، دەگرێتەوە. ئەوان هەروەها ئاماژەیان بەوە دا کە ڕێژیمی ئێران بە یەکێک لە خراپترینی ئەو ڕێژیمانە دەبینین کە لەگەڵ جیهانی مودێڕندا ناتەبایە و بە شێوە سیستمی بەڕێوەبەری و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بێگانەیە.