کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ شاندێکی حیزبی لیبڕاڵی کانادا، کۆبووەوە

23:03 - 23 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دیدار لەگەڵ شاندێکی حیزبی لیبڕاڵی کانادا لەبارەی دەستدرێژییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە کۆ بووەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی مەنسوور عەزیزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوەی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی سێت کاترین لە کانادا، لە گەڵ کریس بێتڵ ئەندام پارڵمان سەر به حیزبی لیبڕاڵ، لە بنکەی سەرەکیی ناوبرا، کۆبوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی شارەکانی کوردستان، کێشەی کۆڵبەران، تۆپبارانەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان و دەستێوەردانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکە و هەروەها پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ئەو رێژیمەوە، کۆمەڵێک زانیارییان بە شاندی خانەخوێ دا.

هەروەها دوو لایەن باسیان له سەر سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران و هەروەها ئەرکی کانادا لە پارێزگاریکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیان وابوو کە لایەنە دێموکراسیخوازەکانی جیهان بە گشتی و بە تایبەتی حیزبی لیبڕاڵی کانادا و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێویستە پێکەوە هاوکارییەکانیان زیاد بکەن و بنەمایەک بۆ دۆستایەتییەکی بەرین لە داهاتوودا دروست بکەن.

هەر لەو دانیشتنەدا شاندی حیزب چووە سەر باسی خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات کە بە ڕاسان ناوبانگی دەرکردووە، داوای کرد کە کانادا سەرنج بخاتە سەر ویستەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و بە هەر شێوەیەک بۆی دەکرێ یارمەتیی ئەو هەنگاوە نوێیە بکات.