کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی ڕزگاریی کوردستان سەردانی حیزبی دێموکراتی کرد

19:16 - 15 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی ڕزگاریی کوردستان لە سەردانی خۆی بۆ حیزبی دێموکرات، ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە بزوتنەوەیی نەتەوەیی ـ دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان بەرز نرخاند و باسی لە سیاسیەت و هەڵوێستی دروست و نەتەوەیی حیزب کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی گەلاوێژ، شاندێکی حیزبی ڕزگاریی کوردستان بە سەرپەرستیی ''ڕێکار ئەحمەد'' سەردانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.

شاندی میوان لە لایەن وەڤدێکی حیزبی دێموکراتەوە بە سەرپەرستی ''محەممەد نەزیف قادری'' جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا.

سەرەتا ''محەممەد نەزیف قادری'' وێرای بەخێرهاتنی شاندی میوان، باسێکی سەبارەت بە ڕەوشی هەنووکەیی ئێران و کوردستان، کار و چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات و ناوەندی هاوکاری پێشکەش کرد.

قادری هەروەها باردوخی سیاسیی ئەمڕۆی ناوچەکە و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دوواییانە بەتایبەت لەسەر کۆماری ئیسلامی و هاوکێشە سیاسییەکانی بە وردی شی کردەوە.

پاشان ''ڕێکارئەحمەد'' وێرای سپاس لە پێشوازی حیزبی دێموکرات، ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە بزوتنەوەیی نەتەوەیی دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان بەرز نرخاند و باسی لە سیاسیەت و هەڵوێستی دروست و نەتەوەیی حیزب کرد.

ناوبراو هەروەها، ڕایگەیاند پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات کە لە زۆر قۆناغی مێژوویدا سەربەخۆیی سیاسیی خۆی پاراستووە، ئەرکی هەموو نیشتمانپەروەرێکی کوردە.

لە کۆتاییدا هەر دوو لایەن وێرای جەخت لە هاوکاری و پێوەندی نێوانیان، پێداگرییان لەسەر بەهێزترکردنی پێوەندیی دۆستانەیان داگرتەوە.