کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات سەردانی سێنای ئامریکای کرد

12:14 - 29 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی ئامریکا، سەردانی دەفتەری سێناتۆر جانی ئێرنستیان کرد.

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە پێکهاتوون:  لە ''ئارش ساڵح''، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئامریکا و دوکتور ''چنوور فەتاحی'' هاوکاری پێوەندییەکان لەو وڵاتە، سەردانی دەفتەری سێناتۆر ''جانی ئێرنستیان'' کرد.

لەم چاوپێکەوتنەدا، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە ڕێکخراوی تێرۆریستی سپای پاسداران وتی: کە ئێمە ئەمڕۆ تاکە هێزێکین کە لە ڕووبەڕووبوونەوە بە دژی ئەو هێزە تیرۆریستییەی ڕێژیم ئێران خەبات دەکەین، حیزبی دێموکرات لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام ڕووبەڕووی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە بووەتەوە و لەگەڵی شەڕی کردووە.

ئارش ساڵح هەروەها وتی: کە خەباتی حیزبی دێموکرات لەبەر ئەوەی لە چیەتی خۆیدا کە خەباتێکی ئازادیخوازانە و ڕزگاریدەرانە بووە، یەکێک لە گەورەترین قوربانییانی تیرۆریزمی سپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی بووە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات، باسی لەوە کرد، ئێران وڵاتێکە کە لە چەندین نەتەوە پێک هاتووە و ئەم نەتەوانەش ئێستا بە ڕادەیەک باش بە ئاگایی نەتەوەییی خۆیان گەیشتوون و لەو پێوەندییەدا خاوەنی خواستی سیاسین.

ئارش ساڵح، سەبارەت بە مانگرتنی مێژووییی گەلی کورد، ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەهواز و و ئازەربایجان وتی: ئەم خواستانەش لە داهاتوو دا لە دەستنیشانکردنی ڕەوتی سیاسی لە ئێراندا گرینگترین ڕۆڵ دەگێڕن. 

ناوبراو باسی لەوە کرد،  کە ئەمڕۆ وەکوو ساڵەکانی شۆڕشی پێشووی ئێران نییە کە تەنیا کورد بە ئاگایی نەتەوەیی خۆی گەیشتبێت بەڵکوو ئێستا وشیاری نەتەوایەتی لە نێو نەتەوەکانی تردا تا ڕادەیەکی زۆر گەشەی کردووە و ئەو جۆرە داخوازانە خەریکن لە نێو نەتەوەکانی ئێراندا پەرە دەستێنن.

ئەمە ڕاستی داهاتووی ئێرانە، کە ئەگەر ئامریکا بەردەوام بێت لە قەبووڵ نەکردنی ئەو ڕاستییە، ئەوە لە داهاتووی سیاسەتی ئێراندا تووشی کێشەی لێکدانەوە دەبێت و لە ڕاستییەکان بەدوور دەکەوێت.

نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد، کە ئەگەر دەنگی ئێمە لێرە کەمتر دەبیسترێت لەبەر ئەوەیە کە ناسیوناڵیزمی باڵادەست توانیویەتی دەست بەسەر هەموو ئەو شوێنانە بگرێت، کە ئێوە وەکوو سەرچاوە دەیانناسن؛ واتە هەم کۆماری ئیسلامی و هەم هەندێک لە دژبەران و ڕۆژنامەوان و ڕۆشنبیرەکانی سەر بە نەتەوەی باڵادەست هاوکارن لە سەرکوتکردنی سیستماتیکی دەنگی نەتەوە بندەستەکان.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەم چاوپێکەوتنەدا باسی لەوە کرد، کە نەتەوەکانی ژێردەستی ئێران لە ڕێکخراوەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵدا توانایی ئەوەیان هەیە کە ببن بە ئاڵتێرناتیڤێکی بەهێز بۆ کۆماری ئیسلامی.

 ناوبراو وتی: کە خواستی نەتەوەکان بۆ بەشداری لە دەسەڵات نەتەنیا خواستێکی دێموکراتیک و ڕەوایە، وهەر رێگەچارەیەک کە لەسەر ئەساسی ئەو خواستە بونیات بنێرێت کێشەی سیکلی بەرهەمهێنانەوەی ئێستبداد و هەڵسوکەوتی گێرەشێوێنانەی دەسەڵات لە ئێراندا بە یەکجاری چارەسەر دەکات.

لەم چاوپێکەوتنەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد، ئەگەرچی ئەو بووچەنە، کە  دەبێت ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بکشێتەوە زۆر لە واشینگتۆن بەهێزە، بەڵام  ئەمە دەتوانێت بە واتای ڕادەستکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە مێحوەری ڕووسیە و ئێران نەبێت. ئامریکا دەتوانێت وێڕای کەم کردنەوەی حوزوری خۆی لە ناوچەکەدا، بە هاوکاریکردنی هێزە دێموکراتیکەکان وەکوو گەلی کورد بەگشتی و حیزبی دێموکرات بەتایبەتی، نەزمێکی ناوچەیی بونیات بنێت کە پارێزەری ئاشتی و سەقامگیریی زیاتر بێت.