کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی پارتی سووسیالیستی کوردستانی باکوور سەردانی حیزبی دێموکراتیان کرد

18:34 - 23 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: لە دیداری پارتی سووسیالیستی کوردستانی باکوور و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر دۆخی کورد و خەباتی نەتەوەی کورد باس و وتووێژ کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، شاندێکی پارتی سووسیالیستی کوردستانی باکوور بە سەرپەرەستیی "مەسعوود تەک" سەرۆکی گشتیی ئەو پارته، سەردانی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتیان کرد و لە لایەن شاندێکی ڕێبەری حیزبەوە بە سەرپەرەستیی "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات پێشوازییان لێ کرا.

لەو دانیشتنەدا، مەسعوود تەک، پیرۆزبایی لە لێپرسراوی گشتی و حیزب بە بۆنەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٦ کرد، پاشان مستەفا هیجری باسێکی لەسەر ڕەوتی کاری کۆنگرە و گۆڕانکارییەکان لە پێکهاتە و سیستمی حیزب پێشکەش بە هاوڕێیانی پارتی سووسیالیست کرد.

لە درێژەی ئەو باسانەدا مەسعوود تەک، لەسەر ڕەوشی باکووری کوردستان، سیاسەتی دەوڵەتی تورکیە و ڕوانینی بە نیسبەت پرسی کورد لە باکوور، شەڕی عەفرین و شوێندانەریی خراپی ئەو هێرشە لە بزووتنەوەی مافخوازی کورد لە ڕۆژئاوادا، باسێکی پێشکەش کرد.

مەسعوود تەک، هەروەها لە سەر ململانێی هێز و لایەنە سیاسییەکانی تورکیە و گوشارەکانیان لەسەر سیاسەتەکانی ئەردۆغان، زانیاری زیاتری خستە بەر دیدی بەشدارانی کۆبوونەوەکە.

لە کۆتایی ئەو باسە سیاسییەدا هەر دوو حیزب، هاوکاری و لێکتێگەیشتنی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیان بە فاکتەری بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسیی کورد زانی و بەتایبەت لەسەر ڕێزگرتن لە خەباتی هەرکام لە بەشەکانی کوردستان و بەرزنرخاندنی ئیرادەی گەلی کورد لەو بەشانەی لە کوردستان وەک سیاسەتێکی واقعبینانە دەتوانێ خەباتی کورد بە ئاستێکی بەرز بگەیەنێت و پشتیوانی ڕای گشتی بۆ لای خەباتی کورد ڕابکێشێت، قسەیان کرد.

لە کۆتایی ئەو دیدارەدا دوو لایەن لەسەر درێژەدان بە پێوەندی و هاوکارییەکانیان جەختیان کردەوە.