کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمەڵە ـ ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، سەردانی حیزبی دێموکراتی کرد

12:02 - 26 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوەی حیزبی دێموکرات و  کۆمەڵە ـ ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بە گرنگییەوە باس لە پشتبەستن بە ئیرادەی خەباتگێڕانەی کۆمەڵانی خەڵک و کاری هاوبەش کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ۲٥ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی، شاندێکی کۆمەڵە ـ ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بە سەرپەرەستیی سەید "ئیبرایم عەلیزادە" دەبیری ئەوەڵی کۆمەڵە، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن شاندی حیزبی دێموکراتەوە، بە سەرپەرەستیی "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزب بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.

"مستەفا هیجری"، وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان و خوشحاڵیدەربڕینی بۆ سەردانەکەیان، باسێکی لەسەر وەزعی سیاسیی ئەوڕۆی جیهان، ناوچەکە و بەتایبەت ئێران و کوردستان کرد و پێویستیی یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی بە زامنی سەرەکی دابینبوونی مافەکانی گەلی کورد زانی و کاری هاوبەش و پێکەوەبوونی بە ئەرکێکی هەنووکەیی زانی.

پاشان "عەلیزادە"، وێڕای سپاس لە حیزبی دێموکرات بۆ پێشوازییەکەیان، لێکدانەوەیەکی لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئێستای ئێران و کوردستان پێشکەش کرد و سەبارەت بە هەرکام لە تەوەرەکان وەک وەزعی ئێران و کوردستان و کاری هاوبەشی دوو لایەنە و لە ئاستی کوردستان و ئێراندا ڕاوبۆچوونی خۆی دەربڕی.

لە کۆبوونەوەکەدا پاش تاوتوێ و ڕاگۆڕینەوە لەسەر وەزعی سیاسیی ئێران و ئەو قەیرانانەی بەرەوڕووی ڕێژیم بوونەتەوە؛ هەر دوو لایەن لەسەر ئەو باوەڕە بوون، کە لەم بارودۆخە هەستیارەدا بە پشتبەستن بە ئیرادەی خەباتگێڕانەی کۆمەڵانی خەڵک و خەباتی جەماوەری و پشتیوانیکردن لە داخوازییە ڕەواکانی کۆمەڵگا بە کاری هاوبەش گرینگی بدەن و هاوکات بە هاوکاریی لەگەڵ ئەو حیزب و لایەنە سیاسییانەی لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا دەوری شوێندانەریان هەیە، بە وەسەر یەکخستنەوەی هێز و تواناکان بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆمەڵانی خەڵک ڕۆڵی مێژووییی خۆیان بگێڕن.