کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێكی حیزبی دێموكرات، بەشداریی لە ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانیی فەرانسەدا كرد

12:51 - 24 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی کونسوولگەریی فەرانسە لە هەولێر، بەشدارییان لە ڕۆژی نیشتمانیی فەرانسە کرد.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی پووشپەڕ، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی كونسوولگەریی فەرانسە لە هەولێر، شاندێكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی "حەسەن شەرەفی"، جێگری یەكەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، بەشداریی ئێوارە ئاهەنگێكی كونسولگەریی فەرانسەیان كرد، كە بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی فەرانسەوە ڕێكخرابوو.

ئەو ڕێوڕەسمە بە بەشداریی كۆمەڵێكی بەرچاو لە دیپلۆماتكاران و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی، سەرۆكایەتیی حكوومەت و پارلمانی هەرێمی كوردستان، سەرۆك و نوێنەرانی بەشێك لە حیزب و لایەنەكان، بەڕێوە چوو.

شاندی حیزبی دێموکرات لەو ڕێوڕەسمەدا، وێڕای پیرۆزبایی ئەو بۆنەیە لە "دومینیك ماس"، سەركونسولی فەرانسە، چاویان بە چەندین دیپلۆماتكار و پارلمانتار و كەسایەتیی سیاسی كەوت و پێداگرییان لە پەیوەندیی نێوانیان كردەوە.