کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شایی گەل، شینی ڕێژیمێک

23:38 - 15 جۆزەردان 2719

کەریم پەرویزی

رۆژی ١٤ی جۆزەردانی ١٣٦٨ی هەتاوی، سەرلەبەیانی بەرەو قوتابخانە دەڕۆیشتین و ئەوکات، کاتی تاقیکارییەکانی ئاخری ساڵ  بوو کە بە تاقیکارییەکانی جۆزەردان بەناوبانگ بوون. لە رێگای قوتابخانەدا گوێمان لە دەنگی بڵیندگۆی حوسەینیەی نزیک قوتابخانەکەمان بوو کە بە سۆزەوە هاواری دەکرد و شیوەنی دەگێڕا. هەر لەناو شیوەنەکەشیدا رایگەیاند کە داخداریی گشتی راگەیەندراوە و قوتابخانە و ئیدارەکان داخراون! ئێمەش چەند هاوڕێیەک  کە دەچووین بۆ سەر تاقیکارییەکان، لە خۆشییاندا حاڵمان نەبوو! لە گەڕانەوەماندا چاوم لێ بوو هەموو کۆڵان و شەقام پێدەکەنی! ئەمە حیکایەتی ئەم رێژیمەیە لە نێو دڵی کۆمەڵگا و لە نێو شەقامدا! بڵیندگۆ و تریبۆنەکانی حکوومەت شینیان دەگێڕا و کۆڵان و شەقامیش پێ دەکەنین: رۆژی مەرگی خومەینی بوو!

ئەم رێژیمی ئسیلامییەی تاران، تەنیا لە رۆژی مەرگی جەلادەکەی جەماراندا نەبوو کە هەست و سۆزەکانی دژ بە گەل وکۆمەڵگا بووە. حیکایەتی دژەگەلیبوونی ئەم رێژیمە زۆر قووڵە و لە خوێندنەوە بیگرە تاکوو سیاسەت و لە ئیدارەوە بیگرە تاکوو مزگەوت، رێژیم و گەلانی ئێران دوو بەرەی بەتەواوی جیاوازن و بەرامبەر بە یەک سەنگەریان گرتووە.

گەر رێژیم پروپاگەندە بۆ بەرنامەیەکی تلویزیۆنی دەکا، خەڵک حەزیان لە بەرنامەیەکی دیکەیە. گەر خەڵک حەزیان لە سەیران و گەشتی پارکەکانە، رێژیم لێیان قەدەغە دەکا.

ئەو مەلای مزگەوتەی ڕێژیم دایناوە، خەڵک هاتووچۆی مزگەوتەکەی ناکەن! ئەو مەلایەش کە خەڵکییە و گەل بەڕێزەوە لێی دەڕوانن، رێژیم دووری دەخاتەوە!

ڕێژیم دەیەوێ خەڵک لە ڕێوڕەسمە  شینگێڕییەکانی حکوومەتدا خەمبار بن و تازیەبار؛ لاوەکان بۆ  شایی و رابواردن و یەکتر بینین دەچنە ئەو ڕێورەسمانە!

ئەمساڵیش شایی خەڵک لەگەڵ دژایەتیی ڕێژیم بەرەوڕوو بۆوە. نەک هەر هەڵپەڕکێ و شاییان لە قوتابخانەکان و لە پارکەکان، بەڵکوو راگەیاندنی رۆژی جەژنیشیان لەگەڵ خەڵک نییە.

ئەمساڵ رۆژی ١٤ی جۆزەردان رێژیم وەکوو هەموو ساڵانی دی خەریکی بەڕێوەبردنی شینگێڕیی بەبۆنەی مەرگی جەللادی جەمارانەوەیە و هاوکات رۆژی جەژنی رەمەزانیش کەوتۆتە ئەم رۆژە.

دژایەتیی شایی و شینی خەڵک و رێژیم لەمساڵدا گەیشتۆتە لووتکەی خۆی.  هەرچەند رێژیم دەیەوێ رۆژی جەژن بخاتە رۆژی دواتر تاکوو وەکوو هەمیشە جەژنی خەڵک لەگەڵ جەژنی وڵاتانی دەوروبەر نەبێ، هەم دەستێوەردان لە شایی خەڵکیشدا بکات و هەم بە ئاسوودەیی خەڵک بانگ بکا بۆ شینگێڕی بەڵام خەڵک رۆژی شینی ڕێژیمیان کردە رۆژی شایی.

خەڵک هەم بەبۆنەی جەژنەوە و هەم بەبۆنەی ساڵڕۆژی مەرگی جەللادەوە شایی دەگێڕن. خومەینیی تاوانبار، ئەو جەللادەی کە لە ژیانیدا سەدان هەزار کەسی کوشت یان بە کوشتنی دان، لە مەرگیدا بە میلیۆنان کەس خۆشحاڵ بوون.

هەرچەند مەرگی خومەینی، کۆتایی ڕێژیمی تاوانباری تاران نەبوو و جەللادێکی دیکە جێگەی گرتەوە بەڵام لە مەرگی ئەودا سووکنایی بە دڵی میلیۆنان داخداری دەستی رێژیمەکەیدا هات و ئەم جەللادەی جێی گرتۆتەوە، لە سەر هەمان ڕێچکەی بەدناوییە و ئیدی هیچ داو تانوپۆیەک نەماوەتەوە کە دوای مەرگی سروشتی یان کوژرانی ئەم جەلادە بەدەستی خەڵک، بتوانێ رێژیم پێکەوە گرێ بداتەوە.