کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوناسخوازیی کوردەکان بەرز بووەتەوە

12:33 - 10 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لێکۆڵینەوەکانی ڕێژیمی ئێران دەرخەری ئەوەن کە ئاستی شوناسخوازیی کوردەکان لە ئێراندا بەرز بووەتەوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش ئەوە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆیان دەزانن.

ئەنجامی لێکۆڵێنەوەک کە لە ئێراندا ئەنجام دراوە، دەرخەری ئەوەیە کە نەتەوەی کورد زیاتر لە جاران لە دوای ''شوناسخوازیی" خۆیەتی و "هەستی هەڵاواردن"ـیش لە نێو نەتەوەی کورددا زیاتر پەرەی سەندووە.

ئاکامی ئەو لێکۆڵێنەوەیە لە نوێترین وەرزنامەی "لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی ئەمنییەت و نەزمی کۆمەڵایەتی"، سەر بە زانکۆی ئیسفەهان لەژێر ناوی "مطالعه پیمایشی هویت‌طلبی قومی وسیاسی‌ شدن قومیت کُردهای ایران" بڵاو کراوەتەوە.

ئەو لێکۆڵێنەوەیە بە شێوەی مەیدانی و لە ڕێگای وتووێژەوە ئەنجام دراوە کە ئاکامی ئەو لێکۆڵێنەوەیە باس لەوە دەکات شوناسخوازیی کوردەکان لە بوارەکانی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا بەرز بووەتەوە.

داتاکانی ئەو لێکۆڵێنەوەیە باس لەوە دەکەن کە نێونجی شوناسخوازیی کوردەکان لە نێو کوردانی سوننە مەزهەب ٥٨ لە سەد و لە نێو کوردانی شیعە مەزهەب ٤٧ لە سەدە.

لێکۆڵەرانی ئەو لێکۆڵینەوەیە لەو باوەڕەدان کە کوردە سووننە مەزهەبەکان بە ئاشکرایی سرووشتێکی سیاسییان هەیە و ئەمەش یەکێک لە گرینگترین داخوازییەکانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی لە کوردستانه.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیە شوناسخوازیی کوردەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە پارێزگای ورمی ٧٨.٩ لە سەد، لە کرماشان ٧٥.٤٦ لە سەد و لە پارێزگای سنه ٦٨.١ لە سەدە.

لەو لێکۆڵێنەوەیەدا هاتووە کە بەشی هەرە زۆری کوردستان ناوچەیەکی بێبەش و گەشە نەکردوویه. هەستی هەڵاوارنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا زۆرە و خەڵک بە ڕاشکاوی باسی لێوە دەکەن.

لە کۆتایی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا هاتووە دەبێ هەموو نەتەوەکانی ئێران لە سێ کوچکەی دەسەڵاتدا بەشدار بن و لەگەڵ نەتەوەکانی ئێران سازان بکرێت.

لەو بارەیەوە "ئەمین ئیبراهیمی" چالاکی سیاسی و دەرچووی بواری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی "کوردستان" باسی لەوە کردووە: "شوناسخوازی بابەتێکی ڕێژەییە کە تۆ لەگەڵ بەرانبەرەکەتدا پێناسەی دەکەی، کاتێک دەسەڵاتی باڵادەست یەک شوناس بۆ تۆ پێناسە دەکات، ناکرێت و ناتوانی تەعاموولی دەگەڵ بکەی؛ بۆیە لەوەها کاتێکدا کە حاشا لە شوناسی تۆ دەکرێت، هیچ مەنتقی نییە کە تۆ لەگەڵ دەسەڵاتی باڵادەست تەعاموول بکەی. هەروەها ڕێژیمی ئێران هەمیشە بە ڕوانگەیەکی ئەمنییەتییەوە چاوی لە شوناسخوازیی نەتەوەی کورد کردووە نە مەسەلەیەکی واقعی کە دەبێ چارەسەر بکرێت".

دەشلێت: "شۆناسی نەتەوەیی لە وڵاتانی فرە نەتەوەدا کاتێک دەبێتە پرسی سەرەکی نەتەوەکان کە دەوڵەت دەبێتە بەشێک لە بەرجەستە کردنی شوناسێک لە بەرامبەر ئەوانی تردا. لەو پێوەندییەدا پێوەندی نێوان شوناسی زاڵ و شوناسی نەتەوەکانی تر کاتێک دەبێتە کێشە کە سیاسەتە گشتییەکانی دەوڵەت بۆ پشتیوانی و سەپاندنی شوناسی زاڵ بە کار دێن"

بە وتەی ناوبراو: "لە وڵاتی ئێراندا کە شوناسی کورد وەک پرسێکی ئەمنیەتی سەیر دەکرێ و وەک شوناسێکی نەتەوەیی جیاواز کە خاوەن پرسی تایبەت بە خۆی بێ  نایێتە ئەژمار، شوناسە جیاوازەکان لە جیاتی پێکەوە ژیان وەک کاردانەوە بەرامبەر یەکتر پێناسە دەکرێن؛ لە کاتێکدا کە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران لە چوارچێوەی سەپاندنی شوناسی نەتەوەیی فارس بە سەر نەتەوەکانی تری ئێران بووە و شوناسەکانی تر وەک هەڕەشە بۆ سەر شوناسی زاڵ پێناسە کراون، لە وەها هەلۆمەرجێکدا هەڵسەنگاندنی شوناسەکان و پێناسە کردنی بەپێی گوتاری زاڵ لە وڵاتی ئێراندا ناتوانێ رەنگدانەوەی دروستی شوناسە بێبەش کراوەکان لە ئێراندا بێ، هەر بۆیە تەنیا رێگەچارە بۆ بەرجەستە کردنی شوناسە نەتەوەییە جیاوازەکان لە ئێراندا دابەش کردنی دەسەڵات بە پێی تایبەتمەندی شوناسەکانە".