کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێن‌پێیەکی دیکەی ئێران بۆ قاچاخی ماددە سڕکەرەکان دۆزرایەوە

11:06 - 18 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: پۆلیسی ئیتالیا بە هاوکاری دەزگای ئاسایشی هۆلەند دەستیان بەسەر ٢٧٠ کیلۆ هێرۆئین داگرت کە لە ئێرانەوە ڕەوانەی خاکی ئورووپا کرابوو.

"یورونیوز" لە هەواڵێکدا ئاشکرای کرد پۆلیسی ئیتالیا دەستی بەسەر بارێکی هێرۆئیندا گرتووە کە وەک خۆیان دەڵێن لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە؛ بەپێی زانیارییەکان ئەم بارە هێرۆئینە لە نێو کانتینێرێکدا لە نێو کەشتییەک جێسازی کرابوو کە لە بەندەر عەباسدا بارگیری کراوە.

بەوتەی پۆلیسی ئیتالیا ئەم هێرۆئینە لە نێو "بێنتۆنیتی ڕۆس" کە کارایی ئەندازیاری و بیناسازی هەیە جێسازی کرابوو؛ پاش ئەوەیکە پۆلیسی ئیتالیا بە ئەنقەست ئیزنیان دابوو بەشێکی بچووکی ئەم بارە بگاتە دەست قاچاخچییەکان لە شاری ڕوزنداڵی هۆلەند قاچاخچییەکانیان دەسبەسەر کردووە.

زانیاری زیاتر لەمبارەوە بڵاو نەکراوەتەوە بەڵام پیشتر هەندێک زانیاری نهێنی لەلایەن ویکی‌لیکسەوە سەبارەت بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە گواستنەوە و قاچاخی ماددە سڕکەرەکان بۆ ئورووپا بڵاو کرایەوە کە لە بەشێکیدا هاتبوو ئێران گەورەترین کڕیاری تریاکی ئەفغانستان و گەورەترین بەرهەمهێنەری هێرۆئینە لە جیهاندا.

هەروەها باس لەوە کرابوو کە تەنیا لە ٣ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٩دا سپای پاسداران لە ڕێگەی دەڵاڵەکانی لە ئازەربایجان و تورکیە و یونان، ٥٩ هەزار کیلۆ هێرۆئینی رەوانەی ئورووپا کردووە.

وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئازەربایجان لە بەڵگەنامەیەکدا باسی لەوە کردبوو کە دەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرپرسیاری سەرەکی گواستنەوە و قاچاخی ماددە سڕکەرەکانن بۆ ئازەربایجان؛ کاتێکیش ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە دەگیرێن و ڕادەستی تاران دەکرێنەوە بێ هیچ لێپرسینەوەیەک ئازاد دەکرێن.

بەپێی دوایین زانیارییەکانی پۆلیسی یەکیەتی ئورووپا (یوروپۆل) داهاتی قاچاخی ماددەی سڕکەر لە ئورووپا بەشێوەی ساڵانە بریتییە لە ٢٤ میلیارد یورو هەر بۆیە قاچاخچییەکانی ئەم بوارە سەرنجێکی تایبەت دەدەنە وەها بازاڕێکی لەبار.