کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێنەوارێکی مێژوویی لە شارەزوور دۆزرایەوە

12:43 - 23 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: لە گوندی بێستانسوور سەر بە ناوچەی شارەزووری کوردستانی باشووردا، شوێنەوارێكی مێژوویی دۆزرایەوە كە مێژووەكەی بۆ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

لە گوندی بێستانسوور، سەر بە ناوچەی شارەزووری کوردستانی باشووری، تیمێكی هاوبەشی ژاپۆنی-لوبنانی ئاسەوارێکی مێژووییان دۆزیوەتەوە کە ئەو ئاسەوارە بۆ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

ئەو لێکۆڵێنەوە مێژووییە لە لایەن زانكۆی "سكوبا"ی ژاپۆنی و لەژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوارناسیی پارێزگای سلێمانی ئەنجام دراوە.

گوندی بێستانسوور له سنووری ناحیەی تانجەڕۆ لە ناوچەی شارەزوور لە پارێزگای سلێمانی هەڵکەتووە.

ئەو گوندە چەندین شوێنەواری مێژوویی تێدایە.

تیمێكی پشكنینی زانكۆی "ڕیدینگی بریتانیایی" لە گردێكی ئەو گوندەدا ئەنجامی کارەکەی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە بێستانسوور كۆنترین گوندی كشتوكاڵییە لە میزۆپۆتامیادا.

"سامی جەمیل"، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوارناسیی سلێمانی، لەبارەی شوێنەوارەكەوە ڕایگەیاند:  "بەپێی ئەو بەڵگانەی دەستمان كەوتوون، ئەو ناوچەیە مێژووەكەی بۆ ٧٠٠ تا هەزار ساڵ پێش زایین و سەردەمی ئاشوورییەكان دەگەڕێتەوە".