کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکستێکی تر بۆ رێژیمی ئیسلامی ئێران

11:25 - 19 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: نرخی نەوت ڕۆژی هەینی، گەیشتە کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا و پێشبینی دەکرێت ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت.

چوونەسەری ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە بەرەبەری تەحریمەکانی ئێران و پێشبینییە نەرێنییەکان سەبارەت بە گەشەی ئابووریی جیهانی، هاوکات لەگەڵ ئەگەری کەمبوونەوەی داواکاری لە مانگەکانی داهاتوو بەشێکن لەو هۆکارانەی کە بەڕای کارناسان بوونەتە هۆکاری کەمبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا.

ڕۆژی هەینی نرخی نەوتی برێنت بە کەمتر لە ٧٠ دۆلار ئاڵوگۆڕی پێکرا؛ هاوکات نرخی نەوتی ئۆپێکیش لە ٣ مانگی ڕابردوودا کەمی کردووە و گەیشتووەتە سنووری ٧٠ دۆلار.

کارناسێکی بازاڕی نەوت لە ئێران کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێت لەمبارەوە بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە: کۆماری ئیسلامی پێی وابوو به هۆی ته‌حریمه‌کانەوە نرخی نه‌وت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبوونەوە تۆمار دەکات و وڵاتانی ئورووپایی و دۆستانی ئامریکا به دژی ئامریکا هه‌ڵوێست دەگرن، به‌ڵام سیاسه‌تی ئیدارەی ئامریکا لەمەڕ مه‌عافیه‌تی نه‌وتیی چه‌ند وڵات و بەرەبەرە قه‌تع کردنی نه‌وتی ئێران جێی خۆی گرت و نەتەنیا کەمیی نەوت لە بازاڕدا نەهاتە پێش بەڵکوو بەپێچەوانەی پێشبینی و خوێندنەوەکانی ڕێژیم نرخی نه‌وت دیسان دابه‌زی کە ئه‌مه وەک شکستێکی دیکە بۆ رێژیمی ئێران پێناسەی بۆ دەکرێت.

هەر لە سەرەتای تەحریمەکانی ئامریکاوە، عەرەبستانی سعودی رایگەیاند کە بە زیادکردنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت، جێگەی بەتاڵی ئێران پڕ دەکاتەوە و ئیزن بۆ شڵەژانی بازاڕ نادات؛ هاوکات ڕووسیە و ئامریکاش ئاستی بەرهەمهێنانی خۆیان زیاد کرد و بەکردەوە ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهان لە ڕێژەی داواکارییەکان زیاتر بوو.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە ئەم سێ وڵاتە پێکەوە ٣٣ میلیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژدا بەرهەم دەهێنن کە بۆخۆی ڕێکۆردێکی مێژووییە.