کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکۆی لەشکاننەهاتوو

09:55 - 1 رێبەندان 2718

کەریم پەرویزی

لە مێژووی نەتەوە بندەست و ستەملێکراوەکاندا و بەگشتی ئەو نەتەوانەی کە دوژمنانی زۆر دڵڕەق و توندوتیژیان هەیە، هەندێک بڕگەی تایبەت پەیدا دەبن کە دوژمنانی نەتەوەکە هەوڵی ئێجگار توند و چڕوپڕ دەدەن کە ئەو بڕگە تایبەتە سووک بکەن.

بۆ وێنە کاتێک کە سپی‌پێستەکان لە ئورووپاوە دەچنە ئامریکا و دەیانەوێ خاکی سوورپێستەکان داگیر بکەن، هەرجۆرە بەرەنگاربوونەوە و خۆڕاگرییەکی سوورپێستەکان بە ناوی دڕندەیی و دواکەوتوویی و وەحشیگەریی سوورپێستەکان لە ناو دەبەن و پاساوێک بۆ کردارەکانی خۆیان دادەتاشن.

یان لە ئێرانی سەردەمی ئیدئۆلۆژیی پاڵەوی-خومەینیدا خۆڕاگری و خۆبەدەستەوەنەدانی نەتەوەکانی تورک و کورد و عەرەب و بەلووچ و تورکەمەن بە دژایەتی لەگەڵ شارستانیەت و لەگەڵ خودا و خەیانەت بە "مام میهن" ناودێر دەکەن و بڕگە هەستیارەکانی مێژووی ئەم گەلانە بە دەسکردی بێگانە و سووک نیشان دەدەن.

لە وێنەی تایبەتیی کورددا، کاتێک کە لە لووتکەی فاشیزم و دواکەوتوویی و سەرەڕۆیی لە ناوچەدا، کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤دا دەسەڵاتی کۆماری، بە شێوازێکی دێموکراتیک رادەگەیەنێ، ئەوە نوختە وەرچەرخانێکی زۆر گرنگ لە ئێران و تەنانەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشە.

کاتێک کە رەزای میرپەنج دەسەڵاتی بەناو مۆدێڕنەکەی دادەمەزرێنێ، مۆدێڕن بوون لە رووتبوونەوەی ژناندا دەبێنێ و ژن و کچەکانی سەرپۆش لادەبەن و دەبنە نموونەی مۆد و جلوبەرگ بەڵام کە دەسەڵاتی کۆماری کوردستان بە دەستی پێشەوای نەمر و بە رێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات دادەمەزرێ، پێشەوای گەل، رێکخراوی تایبەت بە ماف و پێگەیاندنی ژنان دادەمەزرێنێ و ژنەکەی دەبێ بە نموونەی خەباتکاری لەپێناوی یەکسانیی هەقیقیی ژن و پیاو لە بنەماڵە و کۆمەڵدا.

ئەم دەسەڵاتە شکۆمەندە نەتەوەیی دێموکراتیکە لە کوردستان و لە سەردەمی تەڕاتێنی دواکەوتوویی و فاشیزم لە ناوچەدا، بڕگەیەکی پڕشانازی بۆ نەتەوەی کوردە و هەر لەداخی ئەوەشدایە کە دوژمنانی ورد و درشتی کورد و حیزبی دێموکرات و پێشەوا بەردەوام هەوڵی سووکایەتیپێکردنیان داوە و بەردەوام ویستوویانە بە پاشکۆیەکی ویست و بەرژەوەندییەکانی باقرۆف و پیشەوەری و شەڕی چەند عەشیرەیەک ناوی ببەن.

بەڵام ئەم پەلەقاژانەی دوژمنانی کورد قەت سەرکەوتوو نەبووە و دەیە بە دوای دەیە و نەوە بە دوای نەوە، کورد و کوردستانیان زۆرتر وەدوای خولیا و ئاوات و ویستە رەواکانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان کەوتوون و ئێستا ئیدی تاک بە تاکی کوردستان شانازی بەوە دەکەن کە خۆیان وەکوو شارۆمەندێکی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان پێناسە بکەن. ناسنامە و پێناسەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی کە جیاواز لە رەوتی مێژووی سەرەڕۆیی و دڕندەیی لە ناوچەکەدایە و کورد و کوردستان دەکا بە گەوهەری درەوشاوەی مێژووی دوور و نزیک.

ئەم شکۆمەندییەی کۆماری کوردستان و رێبەرانی پڕشکۆی و بەتایبەتی پێشەوای نەمری، قەڵایەکی بەهەیبەت، بە دیواری شاخاویەوە و بە دەوری شاردایە کە دوژمنانی هەرچی پەلەقاژەی سووککردنی دەدەن، خۆیان زیاتر سووک دەکەن و بەرەو ڕۆچوون لە زەلکاودا دەچن و کۆمار لە بیر و هزری تاکەکانی نیشتمانی کوردستاندا پتەوتر و قایمتر دەبێ و بەشکۆتر لە جاران دەردەکەوێتەوە.