کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆفێرانی مانگرتوو، هەڕەشەی لەسێدارەدانیان لێ دەکرێت

17:44 - 18 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە حەڤدەهەمین ڕۆژی مانگرتنی گشتیی کامیۆنداران، دۆزگەری قەزوین هەڕەشەی لەسێدارەدانی لە شۆفێرە گیراوەکان کرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر، موحسێن کەرەمی، سەرپەستی دۆزگەری قەزوین، هەڕەشەی لەسێدارەدانی لەو کامیۆندارانە کرد کە مانیان گرتووە.

لە کاتێکدا مانگرتنی گشتیی کامیۆنداران، چووە نێو حەڤدەهەمین ڕۆژی خۆیەوە، کە بەپێی هەواڵە خۆجێیەکان، هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٧٠ کامیۆندار دەسبەسەر کراون.

موحسێن کەرەمی، داوای توندترین سزای بۆ گیراوەکان کردووە و وتوویەتی: "ئەگەر  تۆمەتی شەڕکردن لەگەڵ خوا "محاربە"یان بەسەردا بسەپێت، حوکمی قورسی وەک لەسێدارەدانیان جێبەجێ دەبێت".

هەر لەم ڕاستایەدا غوڵامحسێن موحسێنیی ئێژەیی، وتەبێژی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاندبوو: کە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کامیۆندارانەدا چاوپۆشی ناکرێت.

کامیۆنداران لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا هەتا ئێستا سێ جار مانیان گرتووە و داوای زیادبووونی کرێی بار، ناساندنی شۆفێری وەکوو کاری گران، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەندەڵیی پولیسانی هاتووچۆ و گرانیی لاستیک و پێداویستییە پێویستەکانیان کردووە.

هەروەها ئەو کامیۆندارانەی کە لەم مانگرتنەدا بەشدارییان کردووە، دەڵین کە کورتە نامەگەلێکیان لە بارەی بڕینی بەشە سووتەمەنەیان بۆ نێردراوە.