کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕش و ناوەندەکانی بەرخۆدان

15:34 - 1 سەرماوەز 2716

عێرفان ڕەهنموون

کرداری شۆڕشگێڕی، کردەیەکی مرۆڤانیی سەرچاوەگرتووە لە خۆشەویستی و ئەڤینی ئازادی کە لە پرۆسەیەکی زەمانیدا دەبێتە باوەڕ و سەرجەم ئاکاری مرۆڤی شۆڕشگێر دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.

شۆڕشی نیشتیمانیی کوردستان سەرەتا شۆڕشێکە لە دەرووندا، بەڵام تەنیا لەم قۆناغەدا قەتیس نامێنێتەوە. لە دید و تێڕوانینی مرۆڤێکی شۆڕشگێڕدا، مرۆڤ و مافەکانی بابەتی شۆڕشن و هەربۆیە دەتوانین بێژین کە کردەی شۆڕشگێڕی، کردەیەکی مرۆڤ تەوارانەیە و لەم ڕوانگەیەوە ئامانجی کردەی شۆڕشگێڕی بەرزنرخاندنی مرۆڤ و مافەکانییەتی و هەوڵێکە بۆ گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی مرۆڤ کە تەبا نیە لەگەڵ نرخ و بەهاکان و مافەکانیدا.

ئامانجی مرۆڤی شۆڕشگێڕ، تەنیا تێکەوەپێچانی دۆخی ئارایی نیە، واتە تەنیا تێکدەر و ڕووخێنەر و هەڵوەشێنەر نیە، بەڵکوو ئامانج لە هەڵوەشانەوە، بنیاتنان و ڕۆنانێکی سەرلەنوێیە کە تەبا بێت لەگەڵ نرخ و بەهاکانی مرۆڤدا .

واتە مرۆڤی شۆڕشگێڕ ئەوەندەی کە سەرقاڵی ڕاگەیاندن و لەقاودان و خەباتە، لەوەش زیاتر دەبێ سەرنج بداتە ڕۆنان و بنیاتنان و ئاڤا کردن.

کردەی مرۆڤی شۆڕشگێر ئامانجخوازانەیە و مرۆڤی شۆڕشگێڕ بوونەوەرێکی ئارمانجخوازە و چاوی بڕیوەتە ئاسۆی ڕزگاری و لەم ڕێگەیەشدا، سنگفراوان و یەکیەتیخوازە و خاوەن ئاکارێکی پلۆرالیستییە و فرەیی قەبووڵ دەکات و دژی هەرچەشنە تاکڕەوییەکە کە مەیلی بەلای پاوانکردن و ئەوپەڕگیریدا هەبێ.

تەنیا دەتوانین بە کردەیەک بێژین شۆڕشگێڕانە کە ئامانجی داد پەروەری بێت و خودی کردەکەش دادپەروەرانە بێت.

مرۆڤی شۆڕشگێڕ پێش ئەوەی دادخوازبێت، دەبێ دادپەروەر بێت. چوونکە تەنیا مرۆڤی دادپەروەرە کە دەتوانێ داد خواز بێت.

کردەی شۆڕشگێڕانە، کردەیەکی ئاوەزخوازانەیە. واتە ئەوە ئاوەزە کە دەبێتە چرای ڕێنیشاندەری مرۆڤی شۆڕشگێڕ بۆ گەیشتن بە ئامانجە مرۆڤانییەکان. بەو هۆیەوە کە ئامانجی شۆڕش دادپەروەری یە، کردەی شۆڕشگێڕانە دەبێ لەژێر ڕۆشنایی ئاوەزدا ڕێ بکا تا بتوانێ دادپەروەری ئاڤا بکات. کردەی کوێر و هەستەکیی و هەڵنەسەنگێنراو، چوونکە نائاوەزمەندانەیە، ناتوانێ دینامۆی گەیشتن بە دادپەروەری بێت کە خۆی چەمکێکی سەرچاوەگرتوو لە ئاوەزە.

شۆڕشی کوردستان پێویستە، شۆڕشی سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بێت. چوونکە پێکناکۆکیی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، پێکناکۆکیی نێوان گەلی بندەست و گەلی سەردەستە و هەر ئەو پێکناکۆکی و کەلێنە سەرەکییەشە کە پێماندەڵێت، قۆناغی ئێستای خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا، قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانییە. ڕزگاریی نیشتیمانی، چەمکێکی گشتی و گشتگیرە و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان دەگرێتەوە و تا کاتێ سەرجەم چین و توێژەکان لە شۆڕشی نیشتیمانیی کوردستاندا، خۆیان نەبیننەوە و ڕێکنەخرێن و ئاراستە نەکرێن، ئاسۆی ڕزگاری ناڕوون و لێڵ دەمێنێتەوە.

لە قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانی‌دا، پێوستە بزاڤی کورد پێ لەسەر خاڵە هاوبەشەکان دابگرێ و لە هێنانەگۆڕی هەر پرسێک کە ببێتە هۆی ناکۆکی و پەرتەوازەیی خۆی ببوێرێ و یەکڕیزیی نیشتیمانی ببێتە بنەمای گشت کردە و هەڵوێستە سیاسییەکان.

خەڵک و بزاڤی نیشتیمانی کورد پێویستە لە کردەکانیاندا هەوڵ بدەن، پێکناکۆکیی نێوان گەلی بندەست و سەردەست، توند و کەلێنی نێوان ئەو دوو جەمسەرە هەراوتر بکەنەوە تا شۆڕشی کوردستان، پڕ وزە و تەوژم بەرەو ئامانج ئاراستە بکرێ.

لەم پرۆسەیەدا، زۆر گرنگە کە دەرفەت بە تاقم و باندە ڕیفۆرمیستییەکان نەدرێ کە هەوڵ بدەن بە ئاماژەی داگیرکەری فارس، کەلێن و پێکناکۆکیی نێوان گەلی داگیرکراو و گەلی داگیرکەر کەم بکەنەوە.

چوونکە هەر بزاڤێک لەسەر بنەمای کەلێن بنیات دەنرێ و کاتێ کەلێن نەمێنێ و یان کەمڕەنگ بێتەوە، بزاڤ لە گوڕ و تین دەکەوێ و لە دینامیزم، خاڵی دەبێتەوە.

بەو هۆیەوە کە خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەباتێکی نەتەوەییە و لە قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانیدایە، ڕۆڵی کۆمەڵانی خەڵک لە بەشداری و بەهێزکردن و سەرخستی دا، ڕۆڵێکی یەکلایی کەرەوەیە و بەبێ بەشداریی بەرینی کۆمەڵانی خەڵک، هیچ پێشڤەچوونێک لەو پێوەندییەدا، بەدی نایەت.

ئەرکی کۆمەڵانی خەڵک لە بزاڤی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەییدا، تەنیا نابێت لە چاوساغی کردنی هێزی پێشمەرگە و یارمەتیدانی ئەو هێزەدا بەرتەسک بکرێتەوە. بەڵکوو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پێویستە لە نێو شار و گوندەکانی کوردستاندا، دەست بکەن بە پێکهێنانی ناوەندگەلی بەرخۆدان. ناوەندی بەرخۆدان، ناوەندێکی خەڵکییە کە لە کۆمەڵگا و بیاڤی گشتیدا لە بەرانبەر هێژموونیی داگیرکەری فارسدا دەوەستێتەوە و ڕێگا نادات، هێزی داگیرکەر بیاڤی گشتیی کۆمەڵگا داگیر بکات.

ناوەندگەلی بەرخۆدان، پێویستە لە نێو هەموو چین و توێژەکانی کومەڵگادا پەرەبستێنی و هاوکات پێکەوە لەبەرانبەر هێژموونیی داگیرکەری فارسدا ڕاوەستن.

خەباتی هاوکاتی ناوەندەکانی بەرخودان دەبێتە هۆی ئەوەی کە داگیرکەر نەتوانێت، هێز و تواناکانی بۆ تێکشکاندنی ناوەندێکی بەرخۆدان چڕ بکاتەوە.

ناوەندەکانی بەرخۆدان، دەکرێ لەسەر بنەمای زمانی کوردی، ئەدەبی کوردی، هونەری کوردی، ژینگەپارێزی، مافی ژنان، مافی منداڵان، مافی کەمئەندامان، مافی جووتیاران و کرێکاران و مامۆستایان و سەندیکای جۆراوجۆردا خۆی ببینێتەوە.

خەباتی ڕزگاریی نیشتیمانی بە بێ بوونی هێزێکی جەنگاوەری چاو کراوە و خەڵکێکی وشیار و شۆڕشگێڕ بەسەرکەوتن ناگات و خەباتی هاوکاتی هێزی پێشمەرگە لەشاخ و ناوەندەکانی بەرخۆدان لە شار و گوند، تەنیا ڕێگای تێپەڕاندنی قۆناخی ڕزگاریی نیشتیمانییە و پێوستە هەموو هاونیشتیمانییەکی کورد لەو خەباتە ڕەوایەدا بەشدار بێت و ئەرکی نیشتیمانیی خۆی لەو پێوەندییەدا بەجێ بگەیەنێ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.