کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڤێنیزمی فارسی لە کتێبە دەرسییەکاندا خۆی دەنوێنێت

11:10 - 6 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی پەرەپێدانی بیری شۆڤێنیستانەی خۆیاندا ئەمجارە لە ڕێگەی ئەدەبیاتی فارسییەوە، هەوڵ دەدەن تاکوو هەرچی زیاتر زمان و فەرهەنگی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران سەرکوت بکەن.

لە کتێبی پۆلی شەشەمی سەرەتایی ئەمساڵی ئێراندا، شێعرێک لەژێر ناوی "ئەی زمانی فارسی"، کە لە لایەن "غوڵامعەلی حەدادی عادڵ"، بەرپرسی فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی و ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ڕیژیمەوە وتراوە، چاپ کراوە کە بە ئاشکرایی باس لە ئیدئۆلۆژیی پانفارسیزمی ڕێژیمی ئێران بە دژی نەتەوەکانی دیکە دەکات.

لەو شێعرەدا بە ڕوونی باس لە وەبەرایەتیی زمانی فارسی کراوە و وەکوو زمانی دایکی ناوی لێ براوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەو کتێبە لە هەموو قوتابخانەکانی ئێراندا و بۆ منداڵانی هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیشە کە زمانی دایکییان جیاواز لە زمانی فارسییە.

پێداهەڵوتن بە زمانی فارسی لەم شێعرەدا و ئەویش لە لایەن بەرپرسێکی باڵای ڕێژیمەوە، نیشاندەری هەوڵە بەردەوامەکانی ئەم ڕێژیمە بۆ پەراوێزخستنی زمانەکانی دیکە و هەروەها سەپاندنی هێژموونیی زمانی فارسی بە سەر نەتەوەکانی دیکەدایە کە زمانی فارسی وەکوو زمانی دایکی خۆیان و میراتی باوباپیرانیان چاو لێبکەن.

لە ماوەی چەند مانگی رابردووشدا، ڕێژیمی ئێران بە باسکردن لە گەلاڵەی "تێستی بەسەندەگیی زمانی فارسی"، هەوڵێکی دیکەی لە پێناو سەرکوت و لەنێوبردنی زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا خستە گەڕ کە لە لایەن خودی خەڵکی ئێران و چالاکانی بواری فەرهەنگ و ئەدەبیاتەوە، بە شێوەیەکی بەربڵاو دژایەتیی لەگەڵ کرا.