کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیتاڵبوون

22:55 - 15 بانەمەڕ 2719

کەریم پەرویزی

لەوەتەی دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی هەیە، چەند دەورە و لە چەند قۆناخدا گەیشتۆتە لێواری هەرەسهێنانی یەکجارەکی و لە سەر لێواری بەرەو داڕمانی کۆتاییدا، بە هەزار فرتوفێڵ و پەلەقاژە و بە هەرزانفرۆشکردنی سامانی وڵات و تەنانەت ئیدئۆلۆژی و باوەڕەکانیشی! خۆی لە رووخان دەرباز کردووە.

یەکەمجار، لە ساڵانی دوای شەڕی ماڵوێرانکەری رێژیمی خومەینی و سەدامدا بوو کە ئەوکات و لە شەڕی شارەکاندا کە مووشەکبارانی شارەکانی ئێران و عێراقیان دەکرد، ئیدی کۆماری ئیسلامی مەرگی بە چاوی خۆی بینی و خومەینی بەقەول جامی ژاری فڕ کرد.

جاری دیکە، لە دوای کارەساتی رێستۆرانی میکۆنۆس بوو کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دادگای میکۆنۆسدا بە بڕیاردەری تیرۆری دوکتۆر سەعید شەرەفکەندیی رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناسێندرا و خامنەیی و رەفسەنجانی و سەرانی رێژیم وەکوو تاوانباری سەرەکی قامکیان بۆ درێژ کرایەوە و بەدوای ئەوەدا ئورووپا پێوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێجگار کز کردەوە و بەناچار کۆماری ئیسلامی تیرۆریستەکانی لە ئورووپا کێشایەوە و رێککەوتنی بە میلیار دۆلاریی لەگەڵ ئورووپاییەکان بەست تاکوو خۆی دەرباز بکا.

کاتێکی دیکەش لە دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٨٨ کە بە میلیۆنان خەڵک رژابوونە سەر شەقامەکانی تاران، ئیدی خامنەیی دواساتەکانی رێژیمەکەی بەچاو دەبینی، بۆ دەربازبوونی خۆیان لەگەڵ ئۆباما رێککەوت و ژێربەژێر وادەی پێ دا کە دەست لە پڕۆسەی چەکی ناوکی هەڵدەگرێ و بەومەرجەی ئەوانیش پشتیوانی لە خۆپیشاندەران نەکەن!

ئێستاش دوای دەستدرێژییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە و پەرەدان بە تیرۆریزم، کۆماری ئیسلامی دووبارە کەوتۆتەوە ژێر گوشاری لەڕادەبەدەر و ئەم گوشارە ئابووری و سیاسی و ئەمنیەتیانە وەها تەنگەتاویان کردووە کە نەک بڕیارەکانی بۆ جێبەجێ ناکرێن، بەڵکوو هەر جارە و لە گۆشەیەکی ئێران، هەوڵی داپۆشینی لاوازی و کەموکووڕی و نەهامەتییەکان دەدا و بۆی جێبەجێ نابێ.

پیاز و تەماتە و نان و بەنزین و لافاو و مریشک و هێلکە و ... گوشاریان بۆ رێژیمێک هێناوە کە ئیددیعای دەکرد مودیریەتی هەموو جیهان دەکا!

ئێستە ئەم رێژیمە لەباتی دابینکردنی نان بۆ خەڵک و دەربازکردنی گیانی لافاولێدراوان، هێزی سەرکوتکەر دەنێرێ تاکوو لێقەوماوان و لەشکری هەژاران بێدەنگ بکا!

سەرەڕای ئەم دەستەوەستانی و ناکارامەیی قەیرانخوڵقێنیانەی رێژیم، بەرپرسانی پایەبەرزی ئەم رێژیمەش کە کۆتایی دەسەڵاتەکە بەچاوی خۆیان دەبینن، هەرکامەیان وەدوای بیانوویەک دەگەڕێن تاکوو حیسابی خۆیان لە رێژیم جودا بکەنەوە و لانیکەم ئەو سامانەی بەتاڵانیان بردووە و هەروەها گیانی خۆیان دەرباز بکەن.

ئەم رێژیمە کە شڕو شیتاڵی بڕاوە و تانوپۆی دەسەڵاتەکەی شیتاڵ بۆتەوە، لە لێواری مەرگدا وەدوای هەژگێک دەگەڕێ تاکوو دەستی پێوە بگرێ و نەکەوێتە قووڵایی دۆڵی نەمان، بەڵام نرخی دەربازبوونی ئەمجارە زۆر قورسە و رەنگە شتێکی نەمابێ بۆ فرۆشتن!