کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرکەتی نەوتی "زارووبێژ" لە ئێران کشایەوە

18:44 - 12 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: شیرکەتی دەوڵەتیی "زارووبێژ"ی ڕووسیە بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا، دوو مەیدانیی نەوتیی لە ئێران بەجێهێشت.

شیرکەتی دەوڵەتیی زارووبێژنەوتی ڕووسیه ڕایگەیاند، بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکاوە دەست له پڕۆژە نەوتییەکانی خۆی لە ئێران دەکێشێتەوە و کۆتایی بە کار و چالاکییەکانی خۆی دەهێنێت.

بەهای گرێبەستی "دانا ئێنێرژی" و "زارووبێژ" ٦٧٤ میلیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئێستا ئەو شیرکەتەی ڕووسیە لە ئێران کشایەوە.

کشانەوەی ئەو شیرکەتە نەوتییە لە کاتێکدایە کە بۆ پەرەپێدانی دوو مەیدانی نەوتیی "ئابادان" و "پایەداری غەرب" گرێبەستێکی بە بڕی ٦٧٤ میلیۆن دۆلار واژۆ کردبوو.

ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵ "فاگیت کبیرۆف"، سەرۆکی شیرکەتی "لوک ئۆیل"ـی ڕووسی، کە دووهەمین کۆمپانیای بەهێز لە بورای بەرهەمهێنانی نەوته ڕایگەیاند، بە هۆی سەپاندنی سزا ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی ئەو شیرکەتە و کڕینی نەوتی لە ئێران ڕاگەیاند.

کشانەوەی ئەو شیرکەتە نەوتییە لە ئێراندا لە کاتێکدابوو کە ئەو شیرکەتە دەیهەویست لە مەیدانێکی نەوتیی نزیک ئەهواز پڕۆژەی نەوتی پەرە پێ بدات.

پاش دەستپێکردنەوە و توندتربوونەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، کۆمپانیا دەرەکییەکان بەتایبەت کۆمپانیا ئوروپایییەکان لە کشانەوە لە ئێران بەردەوامن و هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٢ کۆمپانیای ئورووپایی لە ئێران کشاونەتەوه.

کشانەوەی ئەو کومپانیا نەوتییانە، دۆخی بەرهەمهێنانی نەوت و بەرهەمی پێوەندیدار بە نەوت لە ئێراندا تووشی قەیران دەکەن و زۆربەی پرۆژە نەوتییەکان بە هۆی نەبوونی کۆمپانیایەکی پسپۆڕی ئێرانی دادەخرێن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیران ڕایانگەیاندووە، کە بە کشانەوەی کۆمپانیا دەرەکییەکان تووشی کێشە نابین و کارەکان دەدەین بە پەیمانکارە ئێرانییەکان و ئاسانتریش دەتوانین لەگەڵیان کار بکەین.