کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرکەتی "کالە"ی ئێران: ئەگەر پێویست بێت، گۆشتی پشیلەش دەکەینە سۆسیس

19:19 - 7 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی شیرکەتی "کالە"، لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا، گاڵتەی بە خەڵک کردووە و باسی لە ئەگەری بەکارهێنانی گۆشتی پشیلە بۆ بەرهەمهێنانی "سۆسیس" کردووە.

"غوڵامعەلی سلێمانی"، بەرپرسی شیرکەتی "کالە"، کە بەرهەمهێنەری بەرهەمەکانی گۆشتە، لە وتووێژێکدا کە لە کاناڵی "یەکـ"ـی ڕێژیمدا کردوویەتی، لە وڵامی پێشکەشکاری بەرنامەکەدا کە ئایا لە گۆشتی پشیلە بۆ نێو سۆسیس کەڵکتان وەرگرتووە وتوویەتی: "گۆشتی پشیلەمان بەکار نەهێناوە، بەڵام ئەگەر پێویست بێت، بەکاری دەهێنین".

"سلێمانی"، لە ناوەڕۆکی قسەکانیدا کە بە حاڵەتێکی گاڵتەجاڕانە باسی کردووە، نموونەی وڵاتی چینی هێناوەتەوە کە پشیلە و ئاژەڵگەلێکی لەو چەشنە دەخۆن و ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئیسلامی باس لە ئیسلامیبوون و جیاکردنەوەی حەڵاڵ و حەرام دەکات.

هەروەها باسی لەوە کردووە کە ئەگەر پێویست بێت، لە گۆشتی پشیلەش بۆ دروستکردنی سۆسیس و بەرهەمە گۆشتییەکان کەڵک وەردەگرین.

ڕێژیمی ئیسلامی، جگە لە هەژارهێشتنەوەی خەڵکی ئێران و کوردستان بەتایبەت، بەهۆی سیاسەتە چەوت و هەڵەکانی، لە بەرهەمهێنانی خواردەمەنیی خاوێن و سڵامەتیشدا، درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن و هیچ چاوەدێرییەکیش بەسەر ئەو دۆخەدا ناکرێت.