کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی شیرەمەنی و هێلکە دیسان لە ئێران بەرز بووەوە

11:44 - 16 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: نرخی خواردەمەنییەکانی لە ئێراندا بەردەوام بەرز دەبێتەوە و شیرەمەنی و هێلکە لەو خواردەمەنییانەن، کە نرخەکانیان بەردەوام زیاد دەکەن.

هەر چەندە بەرپرسانی ڕێژیم، باس لەوە دەکەن، کە پێشبینییە پێویستەکانیان ڕەچاو کردووە، هەتا لە کاتی گەمارۆوەکانی ئامریکا، بازاڕەکان کونتڕۆڵ بکەن.

لەم پێوەندییەدا، ناسر موقەدەسی، بەرپرسی ئەنجومەنی سێنفیی گاداران، لەسەر دوایین دۆخی نرخی شیر وتوویەتی: "سەرەڕای هەڵکشان و داکشانی تێچووەکانی بەرهەمهێنان، ئاژەڵداران خوازیاری بەرزبوونەوەی نرخی شیر لە بازاڕەکانن، کە ڕێکخراوەی پشتیوانی (سازمان حمایت) لە حاڵی تاوتوێکردنی نرخە دیاریکراوەکانە".

ناوبراو باسی لەوە کردووە، کە بەرزبوونەوەی نرخی شیرەمەنی تەنیا پێوەندی بە شیرەوە نییە، بەڵکوو تێچووی پیشەی شیرەمەنییە، کە ٤ هەتا ٥ قات بەرز بووەتەوە، لە حاڵێکدا نرخی شیر ئاڵۆگۆڕێکی بەسەردا نەهاتووە.

بەرزبوونەی نرخی شیرەمەنی هەموو ساڵێک بە بیانوویەکەوە لە ئێران بەرز دەبووەوە، بەڵام لە ماوەی سێ مانگی پێشوو، نرخەکانیان زیاتر لە ١٠٠ لەسەد بەرز بووەتەوە و نرخی هێلکەش هەر شانەیەک لە هاوینی ئەمساڵەوە لە ٨ هەزار تمەنەوە بە  ٢٢ هەزار تمەن گەیشتووە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووەوە، نرخی هەر بتڵێکی شیر لە ٤ هەزار تمەنەوە بووەتە ٥ هەزار تمەن و هەر بتڵە چووکەکانیش بۆ ٢ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.

هەڵکشانی نرخی شیرەمەنی بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو خواردنانە لە لایەن بنەماڵە ئێرانییەکانەوە کەم بکرێتەوە، یان هەر نەخوردرێت.

لەم پیوەندییەدا ئیرج حەریرچی، وتەبێژی وەزارەتی بێهداشت، باسی لەوە کردووە، کە چوونەسەرەوەی نرخی شیرەمەنی و کەمبوونەوەی توانایی کڕینیان لە لایەن خەڵکەوە، زیادکردنی کلۆربوونی ئێسک، کەمبوونی تەمەنی سەرهەڵدانی کلۆربوونی ئێسک و هەروەها دابەزێنی خێرایی گەورەبوونی ئێسکی قوتابییانی لێ دەکەوێتەوە، کە شکانی بەبێ هۆ و بەبێ زەربەلێکەوتن و زیانی قووڵ لە دەرکەوتە بەرچاوەکانی کلۆربوونی ئێسکە.