کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەش ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیمپراتۆری شێعری جیهاندا تێدەپەڕێت

11:41 - 13 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: شەش ساڵ پێش ئێستا، "شێرکۆ بێکەس"، شاعیری ناوداری کورد، بۆ هەمیشە قەڵەمەکەی بێناز هێشتەوە.

"شێرکۆ بێکەس"، شاعیری پێشەنگی کورد، لە ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوئیددا، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە ماڵاوایی لە ژیان و جیهانی هونەر و ئەدەبیات کرد و لەسەر وەسییەتنامەی خۆی تەرمەکەی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

شێرکۆ بێکەس، کوڕی شاعیری ناوداری کورد، "فایەق بێکەسـ"ـە و لە ڕێکەوتی ١٢ی گوڵانی ١٣١٩ی هەتاوی لە شاری سلێمانی لەدایک بووە و هەر لە تەمەنی لاوێتیدا هاتووەتە نێو جیهانی ئەدەب و دەستی بە نووسینی شیعر کردووە.

ئەم شاعیرە ناودارەی کورد، بە یەکێک لە پێشەنگەکانی نوێکردنەوەی شێعری کوردی لە قۆناغی دووەمیدا دادەنرێت کە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی ئەدیبییدا، لە ساڵی ١٩٧٠ی زایینی، بە دامەزراندنی گرووپی ڕوانگە، توانییان بەرگێکی نوێ بە بەر هۆنراوە و ئەدەبیاتی کوردیدا بکەن و لەگەڵ نوێگەرییەکانی ئەدبیاتی جیهانیدا بیگونجێنن.

هەروەها لە ساڵی ١٩٨٧ ڕوو لە وڵاتی سوئیدی کرد وهەر لەو ساڵەدا خەڵاتی "تۆخۆڵسکی" بۆ ئەدەبیات وەرگرت، کە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی سوییدەوە پێشکەشی کرا. لە ساڵی ١٩٩٢ش پاش گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، وەک یەکەمین وەزیری ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت، هەروەها لە ساڵی ١٩٩٨دا بە یارمەتیی کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمی دامەزراند.

"شێرکۆ"، شاعیرێکی نەتەوەیی و زمانحاڵی کێشەکانی نێو کۆمەڵگاکەی بووە و هەمیشە ویستوویەتی لە ڕێگای هۆنراوە و بەرهەمە ئەدەبییەکانییەوە، کێشە و گرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەی کورد پیشان بدات و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدات، کە لەم بوارەدا جێپەنجەی بە جوانی دیارە.

ناوبراو، بە یەکێک لە پێشەنگەکانی نووسینی ڕۆمانە شیعر لە نێو ئەدەبیاتی کوردیدا دادەنرێت، کە لەم بوارەدا، وەک بەناوبانگترین بەرهەمی دەتوانین ئاماژە بە "گۆڕستانی چراکان" بکەین، کە کارەساتی ئەنفال بە زمانێکی شیعری دەگێڕێتەوە.

"شێرکۆ بێکەس" لە ماوەی ٥٨ ساڵ خزمەتکردنی بە ئەدەبیاتی کوردیدا، ٤١ دیوانە شێعر، ٢ ڕۆمانی وەرگێڕدراو و چیرۆکێک بۆ منداڵان"ی پێشکەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی کردووە.

 سەرجەم بەرهەمەکانی لە ساڵی ٢٠٠٩ لە کتێبێکی ٨٠٠٠ هەزار لاپەڕەییدا بڵاو کردووەتەوە کە لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی دەتوانین ئاماژە بە: "تریفەی هەڵبەست (١٩٦٨)، ژن و باران (٢٠٠٠)، گۆڕستانی چراکان (٢٠٠٤)، کتێبی ملوانکە (٢٠٠٧)، زێ و زنە (٢٠٠٨)،  ئێستا کچێک نیشتمانمە (٢٠١١)، ئەسپێک لە پەڕەی گوڵاڵە (٢٠١٢) و خێراکە مردن خەریکە بگات (٢٠١٣)" و بە دەیان بەرهەمی دیکەی بکەین.