کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەش هاووڵاتیی عەرەب لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کران

14:19 - 23 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، شەش هاووڵاتیی عەرەبیان لە ئەهواز دەستبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، شەش هاووڵاتیی عەرەبی ئەهوازی، لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەرسەر کراون.

شوناسی ئەو شەش هاووڵاتییە عەرەبە مەجید کەعبی، میلاد بەنی‌سەعد، عەلی زەینی‌وەند، نەعیم دلفیه خەڵكی سپیداری ئەهواز و وەحیدمحەممەد مووسایی و دانیاڵ خەیری دانیشتووی ڕامشیر ڕاگەیەندراوە، کە ناوبراوان لە لایەن هیزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

تا ئێستا لە هۆکاری دەستبەسەرکردن و چارەنووسی ئەو شەش هاووڵاتییە عەرەبە هیچ زانیارییەک لەبەردەست‌دا نییە.

هەر لەو پێوەندییەدا، لە چارەنووسی ٨ کەس لە چالاکانی مەدەنیی ئەهوازیش کە لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئەهواز، بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا بە ئیعدام مەحکووم کرابوون، هیچ زانیارییەک لەبەردەست‌دا نییە.

درێژەی شەپۆلی سەرکوت‌کردن و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بە تایبەت مافی نەتەوە بندەستەکانی ئێران، لە حالێکدایە کە لەم خولەی دوایی هەڵبژاردنی سەرکۆمار لە ئێراندا، حەسەن ڕووحانی بە بەڵێنی باشتر کردنی دۆخی مافی مرۆڤ و هەروەها گرینگیدان بە نەتەوە بندەستەکانی ئێران، کورسیی سەرکۆماری بەدەست هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، زۆربەی کارناسان، چالاکانی مافی مرۆڤ و هەروەها ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە نێونەتەوەیی و ئێرانییەکان، لەسەر ئەو باوەڕەن کە پاش هاتنەسەرکاری حەسەن ڕووحانی، دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران هیچ بەرەو باشتربوون نەچووە و بگرە نالەبارتریش بووە.