کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەشەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو

23:09 - 22 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە شەشەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریدا کۆمەڵێک پرس و بابەتی گرینگی پێوەندیدار بە کوردستان و ئێران و خودی ناوەند تاوتوێ کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پێشنیوەڕۆی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٠ی مانگی مای(٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٧) لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەشەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

لەم کۆبوونەوەیەدا، دوای پەسندی دەستووری کار، ئاوڕ لە تێکۆشان و چالاکیی یەک مانگی رابردووی ناوەند درایەوە و بەرپرسی دەورەیی ناوەند، قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وێڕای ئاماژە بە هەڵوێستەکان و تێکۆشان و هەنگاوەکانی ئەم دەورەیە، ڕا و سەرنجی لایەنەکانی لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی ئێعترازیی شارەکانی بانە، مەریوان، پاوە، جوانڕۆ و هتد، بە تایبەتی مانگرتنی درێژماوە و خۆڕاگرانەی خەڵکی بانە وەرگرت. 

لەم بەشەدا تێکڕای بەشداران وێڕای پێداگرتنەوە لە سەر هەڵوێستی ناوەند بریتی لە پشتیوانی لە مانگرتنەکان و داخوازە ڕەواکانیان، ئەم حەرەکەتە مەدەنییەیان هەم لە ڕووی ئیرادەی مافخوازانە و پشوودرێژیی خۆڕاگرانەی خەڵک، هەم لە باری ڕەوایی داخوازەکان، هەروەها لە روانگەی پشتیوانی و هاوپێوەندیی خەڵکی ڕۆژهەڵات لەو مانگرتنە بەرز نرخاند؛ ناوەندی هاوکاری دووپاتیشی کردەوە کە پشتیوانی ئەم حەرەکەتەیە چ لە شکڵ و شێوەی ئێستایدا، چ لە ڕێگای کەڵکوەرگرتن لە شێوازەکانی دیکەی گوشارهێنان بۆ دامودەزگاکانی دەسەڵات بە مەبەستی قبووڵکردنی داوا رەواکانیان.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لایەنەکانی ناوەندی هاوکاری بە ئامانجی پەلهاویشتنی هاوکاریی نێوان حیزبەکان بۆ دەرەوەی وڵات، میکانیزمەکانی هاوکاریی نوێنەرایەتی و کۆمیتەکانی دەرەوەی وڵاتی خۆیان هێنایە بەر باس و پاش راوێژی بە سوود، لە سەر میکانیزمی هاوکارییەکان و بەدواداچوونی هەوڵە هاوبەشەکان، بڕیار و راسپاردەی پێویستیان پەسند کرد.

لە بەشێکی دیکەی شەشەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریدا، قسە لە سەر خاڵە بە هێز و لاوازەکانی چەند لۆگۆیەک کرا کە وەکوو لۆگۆی ئەم ناوەندە پێشنیار کرابوون. بەشدارانی کۆبوونەوە، وێڕای دەربڕینی سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو هونەرمەند و گرافیستانەی بە ناردنی لۆگۆ پێشنیارییەکان، یان بە بەشداری لە هەڵسەنگاندنیاندا هاوکاریی ناوەندیان کردبوو، ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی پێویستیان بۆ بەئاکام گەیاندنی ئەم کارە، دایە بەرپرسی دەورەی داهاتووی ناوەندی هاوکاری. لەم بەشەدا، هەروەها کۆمەڵە خاڵێک لەبارەی کاروباری میدیایی ناوەند و بە مەبەستی بواررەخساندن بۆ پێوەندیی پشتیوانان و هۆگرانی ناوەند بەم ئۆرگانیزاسیۆنە، پەسند کران.

کۆبوونەوەی ئەمجارە کاتێکی گونجاویشی بۆ باس لە دوو بەڵگەنامەی پێوەندیدار بە ئامانجەکان و پێڕەوی نێوخۆی ناوەند تەرخان کرد. ناوەندی هاوکاری لە کۆبوونەوەکەیدا، دوای دەوڵەمەندکردنی بەڵگەنامەی پێڕەوی نێوخۆ بە پێشنیار و سەرنج و تێبینیی ئامادەبووان، ئەم بەڵگەنامەیەی پەسند کرد. پەسند کردنی بەڵگەنامەی پێوەندیدار بە ئامانجە گشتییەکانیشی بەستەوە بە دیالۆگ و بیروراگۆڕینەوەی زیاتر لە سەر ئامانج و پرەنسیپە هاوبەشەکان و شێوازی فۆرمولەکردنیان. 

دوایین بڕگە لە دەستووری کاری شەشەمین کۆبوونەوەی ناوەند، باس لە نێوەرۆکی کۆبەندی سمیناری ئەو ناوەندە لەبارەی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستاندا بوو کە ڕۆژی ٣٠ ئاوریلی رابردوو بەڕێوەچوو؛ لەم بەشەش‌دا، دوای پۆلێنکردنی خاڵ و ئەرکە هاوبەشەکان بەپێی ئەولەوییەت کە لە سمینار‌دا تەئکیدیان لە سەر کرابوو، هەر کام لە حیزبەکانی پێکهێنەری ناوەندی هاوکاری، بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنیان ئەرکدار کران. کۆبوونەوە لە نێو پێداگریی هەموو لایەنەکان لە سەر یەکگرتوویی و هاوخەباتی و ئامادەیی نواندنیان بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر لە جێبەجیکردنی ئەرک و بەرپرسایەتیی هاوبەشدا، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.