کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەفافسازی لەگەڵ هیچ

18:16 - 3 خەزەڵوەر 2718

بەختیار عوسمانی

ترس و گوشار، کۆماری ئیسلامی و رێبەرەکەی تووشی هەڵچوون و پەلەقاژە کردووە چ لە کردار بێ یان وتار، چەند ساڵێک دەبێ خامنەیی چڕتر و تایبەتیتر لە جاران ئامۆژگاری خەڵک و بە تایبەت پیاوانی کاربەدەست و ئایینی دەکا، رۆژێک باسی "بەرگری"، رۆژێکی دیکە باسی "جیهاد" و ...ئەمڕۆش "شەفافسازی" دێنێتە گۆڕێ. بێ ئەوەی ئەوە لەبەرچاو بگرێ کە ئایا بەرگری لە هەڵاتنی خۆر دەکرێ؟ یان ئایا لە بەرامبەر سەرهەڵدانی عەداڵەت، جیهاد دەکرێ؟ کێ تا ئێستا لە ناو شەوەزەنگی ستەمدا رووناکی بینیوە تاکوو ئێمە ئەمڕۆ لە ناو ئەم دەسەڵاتە ڕەشەدا چاوەڕوانی بین؟ ئەمانە و دەیان پرسیاری دیکە پێمان دەڵێ ئەوەی کە خامنەیی وەک ئامۆژگاری باسیان دەکا وەک تۆزی بانان دەڕوا.

خامنەیی لە رۆژی ٢٣ی رەزبەری ئەمساڵدا (حەوتوویەک دواتر ئەم وانەی بڵاوکراوەتەوە) لە وانەی "خارج فقە"یدا کە بەرزترینە لە وانەکانی حەوزەدا، باسی "شەفافسازی" دێنێتە گۆڕێ و ئاموژگاریان دەکا کە دەبێ بێ‌پێچوپەنا بن، وەک پیشەی هەمیشەش هەوڵدەدا هەرچی بەها، یاسا و چەمکی ئەرێنی و مرۆڤتەوەرانەیە بگەڕێنێتەوە بۆ ئایینزاکەی خۆی و خەڵک سەرکۆنە بکا لەوەی کە دەڵێن ئەم چەمکانە لە فەلسەفە و زانستی رۆژئاوا فێربووین.

لە باسەکەیدا دێتە سەر ئەوەیکە لە چ مەسەلەگەلێک شەفافسازی نەکرێ و دەڵێ: "لە مەسەلە ئەمنیەتییەکان، لە مەسەلە نیزامییەکان، لەو مەسەلە جۆراوجۆرانەی کە لەگەڵ دوژمندا لە شەڕداین، لەگەڵ دوژمن لە رووبەڕووبوونەوەداین، بەڵێ ئێرە جێگای لەقاودان نییە، جێگای شەفافسازی نییە."

کە تێڕادەمێنی بۆ ئەوەی بزانی ئایا مەسەلەیەک بۆ شەفافسازی ماوە یان نا؟ نایەکی ڕوون و گەورە قووت دەبێتەوە. بۆ روونکردنەوەی ئەو بوارانەی کە خامنەیی ئاماژەیان پێدەکا هێندێک تەوەر باس دەکەین، لە وڵاتانی پێشکەوتوو شەفافسازی هۆکارێکی بەهێز و کاریگەرە بۆ ئەوەی خەڵک لە چارەنووسی خۆیان ئاگادار بن، لە مەسەلە ئەمنیەتییەکان ئەوان بە پێی پێویست ئاگاداری ئەرک و چالاکییەکانی ئەو بوارەن، ئیزن نادەن کە هەوڵ بۆ ئاژاوەنانەوە یان تیرۆر لە سەر خەڵک یان تەنانەت خەڵکی دەرەوەی وڵاتیش بدرێ، شتێک کە دەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا و بە بەربڵاوی بە نیسبەت خەڵکی مەدەنی یان چالاکی سیاسی یان هەر دەنگێکی ناڕازی بەڕێوەی دەبەن و بە شانازیشی دەزانن. لە راستیدا ئەرکیان کپ‌کردنی دەنگیان و کوشتاری خەڵکە، نەک پاراستن.

لە بواری نیزامیدا ئێران بۆ ماوەی نزیک بە دوو دەیە هەوڵی شاردنەوەی بەرنامەی ناوکی دا، چالاکییەکانی هەمووی لە خزمەت تیرۆر و دەستێوەردان بوو، هەموو بژێوی خەڵکیان کرد بە قووتی چەکی شەڕخوازی رێژیم بە جێگەی سپای نیشتمانی و خەڵکویست، سپایەکی تیرۆریست و تاڵانکەری پێکهێنا.

خامنەیی دەڵێ لەو مەسەلانەی کە لەگەڵ دوژمندا لە شەڕداین نابێ شەفاف بین، ئەو بە روونی بواری ئەمنییەتی و نیزامی لێدەرکردووە، دەمێنیتەوە بواری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی کە ئەمانیش لەگەڵ بوارەکانی دیکە لێک جیا ناکرێنەوە و هەموویان بۆ پێویستیی خەڵکە. کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە  لەگەڵ جیهان، خەڵکی ئێران و گەلانی ئازادیخواز لە شەڕدا بووە و ئێستاش باس لەوە دەکا کە ئێمە لە شەڕی ئابووریداین لەگەڵ ئامریکا، بۆیە قسەکردن لە سەری بڤە و قەدەخەیە. لە سیاسەتەکانیاندا بەرژەوندی خەڵک لە بەرچاوناگیرێ، تا دوێنێ بوو دروشمیان نە رۆژهەڵات نە رۆژئاوا بوو ئێستا بانگەواز بۆ ئەوە دەکەن کە ئێمە دەبێ پشت لە رۆژئاوا و ڕوو بە ڕۆژهەڵات بین. سیاسەتێکی دوژمنکارانە و دووڕوویانە بە نیسبەت دەراوسێکانییەوە پێڕەو دەکا. لە بواری کۆمەڵایەتی تا ئێستا بەروونی هیچ ئامارێکی ڕاست و جێگای باوەڕ لە کەموکووڕییەکان و قەیرانەکان بڵاو نەکردووەتەوە، ئاماری بێکاری، ئیعتیاد و ... کە بڵاویان دەکاتەوە زۆر دوورن لە راستییەوە ئەویش بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی.

تەنانەت ئەگەر وای دابنێن شەفافسازییەک بێتەگۆڕێ، دەبێ بپرسین لە چ سەکۆیەکەوە بە خەڵکی دەڵێن؟ رۆژنامەیەکی ئازاد و سەربەخۆ بوونی نییە؛ مقەستی سانسۆر هەمیشە تیژ و بریقەدارە. ئەوان پێیان وایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەموویان سەر بە وڵاتانی بێگانە و دوژمنانی رێژیمن! و قەدەغە یان فیلتێر کراون، تەلەویزیۆن پاوان کراوە لە دەست و خزمەت تاقمێکی داخراودا، زانکۆکانە بە بیانووی "نفوز" لە وانە و مامۆستای بەکەڵک و خەڵکی بێبەری کراوە، بەگشتی شوێنێک نەماوە تاکوو ئەگەر تۆزێک شەفافسازیش هەبوو باس بکرێ.

جیا لە هەموو ئەمانە کاتێک خەڵک دابەش دەکرێ بە "خۆیی" و "ناخۆیی" ، مەبەستیان لە خۆیی تاقمێک دەسەڵات بەدەستی رێژیمە کە لە بەرامبەر ناخۆییەکان کە خەڵکە ئیتر بەڕاست کەسێک نامێنێ لای ئەوان کە قسەی بۆ بکەن.

وەک دەبینین هیچ بوار یان شوێنێک نەماوە کە خامنەیی بەروونی هێڵی سووری بەسەردا نەکێشابێ، تاکوو نیشانەی پرسیاریان بخرێتە سەر، لەم لایشەوە داوای شەفافسازی دەکا، دەبێ بڵێین تۆ کە هەموو بوون و نەبوونێکی وڵاتت خستووەتە ژێر چنگ و کورسیەکەت، تۆ دەبێ شەفاف بی یان خەڵکی نەدار و دیلکراو؟ ئاخر رووناکبیر یان چالاکێک بە کام زانیاری و بەکام سەکۆ یان بە چ پارێزراوییەکەوە قەیرانەکانی وڵات بۆ خەڵک شی بکاتەوە؟ کە دەزانێ کونجی بەندیخانە و پەتی سێدارە چاوەڕێی دەکا.

بەو ئاکامە دەگەین کە خامنەیی تەنیا بۆ چەواشەکاری و راگرتنی خەڵک ئەم قسە بریقەدارانە دێنێتە گۆڕێ. ئەگینا لە چوارچێوەی دەسەڵاتی رەشی رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئاسۆیەک بەدی ناکرێ، هەروەک چۆن تا ئێستا هەرچی بەهای بەرزی مرۆڤایەتییە خستوویانەتە گۆڕ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.