کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەقامەکانی شاری کرماشان کێشەخولقێنن

12:11 - 3 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: خراپبوونی بارودۆخی هێڵی شەقامەکانی کرماشان و پیاسەڕەوەکان خەڵکی تووشی کێشە کردووە.

کیومەرس غوڵامی، بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و کولتوری ترافیکی پولیسی هاتووچۆی پارێزگای کرماشان، باسی لە بەدواداچوونی پولیسی هاتووچۆ لە شارەداریی بۆ چارەسەرکردنی کێشانی هێڵی شەقامەکان کردووە و شارەداریی کرماشانی بە بەرپرسیار زانیوە.

ناوبراو داوای لە شارەوانی کردووە، کە بۆ کێشانی هێڵی شەقامەکان و دیاریکردنی پیاسەڕەوەکان کردەوەی هەبێت و ئاماژەی بەوە کردووە، کە گەڵاڵەی پولیس بۆ هاتووچۆی قوتابییان دەبێت جێبەجی بکرێت، لەبەر ئەوەی کە بە کرانەوەی قوتابخانەکان ٤٠ لەسەد ترافیک لە نێو شارەکان زیاد بووە.

پارێزگای کرماشان لەو پارێزگایانەیە کە سەرەڕای کێشە و خراپبوونی ڕیگەوبانەکان، لەگەڵ گرفتی زۆر بەرەوڕووە، کە گرنگترینیان بوومەلەرزەی ساڵی ڕابردووە، کە هەتا ئێستە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان لە نێو کانکس و خێوەت دەژین و بە هاتنی وەرزی پاییز دەستپێکردنی باران و سەرما، چاوەڕوان دەکرێت بارودۆخی ژیانیان نالەبارتر بێت.

پاش تێپەڕبوونی نزیک بە یەکساڵ لە کارەساتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، بەرپرسانی ڕێژیم و دەزگا پەیوەندییدارەکان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان نەیانتوانیوە کێشە و گرفتی بوومەلەرزەلێدراوان چارەسەر بکەن و نۆژەنکردنەوە و سازکردنی ماڵی خەڵک کەمترین پێشکەوتنی بە خۆوە بینیوە.