کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەقامەکانی ئێران لە ماشێنی ڕنۆ بێبەش بوون

09:37 - 5 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: شیرکەتی ڕنۆی فەرانسە بۆ پێڕەوی لە سزا ئابوورییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران بەرهەمەکانی خۆی بە ئێران نافرۆشێت و لە مانگی سێپتامبردا ئاستی فرۆشی بەرهەمەکانی خۆی گەیانده سفر.

شیرکەتی ماشێنسازیی ڕنۆی فەرانسە لە نوێترین ئاماری خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، ئەو شیرکەته بۆ پێڕەوی لە سزا ئابوورییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران بەرهەمەکانی خۆی بە ئێران نافرۆشێت و سەرجەم ئاستی فرۆشی بەرهەمەکانی خۆی بە ئێران ڕاگرتووە.

ئەو شیرکەتە لە ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، لە مانگی سێپتامبری ئەمساڵدا هیچ بەرهەمێکی بە ئێران نەفرۆشتووه.

ئەو شیرکەتە مانگی سێپتامبری ساڵی ٢٠١٧ی زایینی زایاتر لە ١٠ هەزار و ٩٣٢ دەزگا لە بەرهەمەکانی خۆی بە ئیران فرۆشتووە، بەڵام لە مانگی سێپتامبری ئەمساڵدا هیچ بەرهەمێکی بە ئێران نەفرۆشتووه.

پاش دەستپێکردنەوە و توندتربوونەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، کۆمپانیا دەرەکییەکان بەتایبەت کۆمپانیا ئوروپایییەکان لە کشانەوە لە ئێران بەردەوامن و هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٢ کۆمپانیای ئورووپایی لە ئێران کشانەتەوه.

دوای کشانەوە ئامریکا لە بەرجام، زۆرینەی وڵاتان پەیوەندیی ئابوورییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و تەنانەت وڵاتە ئوروپاییەکان کە بە بەرجام پێبەندن، لە دوای هەڕەشەی ئامریکا لە بانکەکان و کومپانیا ئوروپاییەکان لە پیوەندی لەگەڵ هاوکاریی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، گرێبەستەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران هەڵدەوەشێنن.