کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"شەمخانی" و "پۆمپێئۆ" هۆشداری بە یەکتر دەدەن

13:16 - 6 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: شەڕی زارەکیی بەرپرسانی ئامریکا و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دوای چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام قۆناغێکی نوێی بە خۆیەوە گرتووە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا "مایک پۆمپێئۆ" لە وتووێژێکدا باسی لەوە کردووە: "ئەگەر ڕێبەرانی ئێران داواکارییەکانی ئامریکا  قەبووڵ بکەن، کە وەک وڵاتێکی ئاسایی ڕەفتاربکەن، ئامریکایییەکان سەردانی ئێران دەکەن و وەک دۆست سەیریان دەکەن".

پۆمپێئۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوویەتی: ''دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی وەک "ڕێبەرانی ئاسایی" ڕەفتار بکەن. خەڵک ڕاوڕووت نەکەن و پارەی ئەوان بۆ "خەون و خەیاڵەکانیان" لە سووریە و یەمەندا بە فیڕۆ نەدەن".

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئامریکا باسی لەوەش کردووە: "ئەمەریکا داوا لە ئێران دەکات کە  کۆتایی بە هەڕەشەکان بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل و هەڕەشەکردن لە دراوسییەکانی بهێنێت و ڕێبەرانی ئێران نە تەنیا نابێ خەڵک بۆ دانی دروشمی "مەرگ بۆ ئیسرائیل" هان بدەن، بەڵکوو دەبێ کۆتاییش بە دروشمی "مەرگ بۆ ئامریکا" بهێنن".

لە دوای قسەکانی پۆمپێئۆ، "عەلی شەمخانی" سەرۆکی شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم باسی لەوە کردووە: "لەم دواییانەدا بەرپرسانی ئامریکا قسەی زل دەکەن و بێشەرمتر بوونە، بەڵام کۆماری ئیسلامی تەسلیمی زێدەخوازییەکانی ئامریکا نابێت".

هەڕەشە و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئامریکا و ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە "ڕۆیتێرز" لە زاری یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە چەند حەوتوویان دەرفەت بە یەکیەتیی ئورووپا داوە، کە ئایا له ڕێککەوتنی بەرجامدا دەمێننەوە یا نا؟

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی ئورووپایی دانیشتنێکیان بەبێ بەشداریی ئامریکا بەڕێوە برد.

هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و ترس لە دووپاتبوونەوەی گەمارۆکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بووەتە لەمپەرێکی گەورە لە بەردەم چالاکیی سەرمایەدانەران و کۆمپانیا بیانییەکان لە ئێراندا و زۆریەک لە کۆمپانیاکان هاوکاری و پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پساندووە.