کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهید کاوە جەوانمەرد، شاهکاری ژیان دەخولقێنم

11:17 - 8 بانەمەڕ 2718

جەماڵ ڕەسووڵ دنخه

ئەرەستوو دەڵێت: "مەرگی قارەمان یەک پرسیار بە دوای خۆیدا دێنێت! ئەرێ بۆ ڕووی دا؟!

زۆر جاران کە دەتهەوێ باسی بابەتێک بکەی تووشی کێشەیەک دەبی بە ناوی "نەتوانین"؛ واتە دەستت لە نووسین زۆر کورته و لە تواناتدا نییە کە بتوانی لە سەری باس بکەی و بتوانی هەستی خۆت بە مانای خۆی دەرببڕی تا بتوانی خوێنەران، بیسەران و گوێگرەکانت تێر بکەی و قەناعەتیان پێ بێنی کە من ئەوه بە پوختی و بێ کەموکوڕی باسی بابەتەکەم کردووە و تەواو.

یەکێک لەو بابەتانە کە قەڵەم بە دەستانی خامەڕەنگینیش لێی دەسکورتن باس لە "شەهیدبوون"ـه. لە هەر وڵاتێک و لە نێو هەر نەتەوەیەک ئەو کەسانەی لە پێناو خاکی وڵاتەکەیان گیانیان فیدا دەکەن وەک بایەخی نەتەوەیی چاویان لێ دەکرێت و ئەو کەسانە دەبنە هۆی دەروەستی بۆ نەسڵەکانی داهاتوویان.

لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا و هەموو ساتەکاندا ناو و جێگای شەهیدان دەبێ لە ناخماندا زیندوو بێت و ڕێبازی ئەوان نەتەنیا بۆخەبات بەڵکوو دەبێ بۆ ڕێڕەوی ژیان بگرینە بەر.

شوێنگەی هەڵاتنی خۆر، ڕۆژهەڵاتی پێ دەڵێن؛ ئەوەش بۆ ئێمەی خەباتکار دوو مانای هەیە یەکەم ڕۆژهەڵاتی خاک و دووهەم شوێنی هەڵاتنی خۆر؛ شوێنی هەڵاتنی خۆرێک کە شوێنی ڕەهایی و ڕزگاری وڵات لە شەوەزەنگە و چلەی شەو و شەڕ بو دەسپێکی ژیان، ژیانێک بۆ مانای ژیان و درێژە بە ژیانی ڕاستەقینە کە خۆشەویستی دەخاتە ناو سینگ و هەناو و لەوەشدا یادی شەهیدانمان گڕوتینی تازەمان بۆ ژیان پێ دەبەخشێت.

ئەمڕۆ لە وەرزی بەهاری ژیانەوە، لە سەروبەندی ١٠ خاکەلێوەدا و هەر کاتی دیکە، ئەوەمان پێشکەش بە خۆمان و خەڵکی خۆمان کردووە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە سەرچاوەمان گرتووە و هەموو ڕۆژێکیش سەرلەنوێ هەڵدەدینەوە، چونکە ئێمە لە نەسلی"سەروان و سەرگوردەکانی دێموکراتین"، لە هەناوی "کاوە و سەرکەوت"ـەکانەوە دەڕوانین، لە شەهیدانمان ژیان مانا دەکەینەوە، لە بنەماڵەی شەهیدانمان سەرفرازی فێر دەبین و لە هەمووی ئەوانەشدا پەیمان نوێ کردنەوە.

لە ڕابردوومان فێربووینە تا کوردستان بۆ سبەینێ و سبەینێکان بپارێزین و لە بەرانبەر سپای تاریکیدا ئەژنۆ دانەدەین. ڕۆژهەڵاتی ئەمڕۆ سەنگەرێکە کە خاکڕیزەکەی حەقی ڕەوایە و ئاڵاهەڵگرەکانی ناو سەنگەر لەسەر داوای خۆیان و ڕێبازی شەهیدانیان سوورن، سەنگەروانان بەڵێنیان داوە کە بە دڵ و گیان بۆ خاک بتوێنەوە چونکە "کاوە"کان لە بەهاردا هەستانەوە و چرۆیان کرد.

لەم بەهارەدا و هەموو ساتەکانی ژیاندا، یادی شەهیدانمان دەکەینەوە کە ژیان بە هەموو هێزەوە خۆی لە دڵی شەهیدان و خۆنەویستانەوە مانا دەگرێت و خۆی بە خەڵک پێناسە دەکات. ئەگەر فەلسەفە لە ژیانی شەهیدان دروست نەکەین ناتوانین فەرهەنگی خۆڕاگری و نیشتمانپەروەری بۆ داهاتووی خۆمان دروست بکەین.

ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتییەکان کە شاگردانی پێشەوای نەمرن و قاسملوو دەرسی داون و ئێستاش کاوەکان و سەرکەوتەکان وانەکانیان دەڵێنەوە و ڕێبوارانیان بەپێوەن، ئیمانیان هەیە تا کوردستانێکی خۆڕاگر و نەترس بۆ ئێستا و نەوەکانی داهاتوو ڕادەستی شۆڕشگێڕانی داهاتوو بکەن، چون تا کوردێک بمێنی کوردستان هەر زیندووە.

لە بیرمان ناچێت و ئەوەش مافی ئێمەیە کە نابێ بێدەنگ بین، بێدەنگی ئێمە لە بەرانبەر کوردستان و شەهیدانماندا ئەوە دەگەیەنێت کە بەرپرسیار نین، کاتێکیش بەرپرسیار نەبین و بێدەنگ بین دوژمن وەک تاوانبار دەمانناسێت، بۆیە ڕاوەستان و کۆڵنەدان، پێداگری لە سەر ماف و ویستەکانمان ئەرک و تەکلیفی سەر شانمانە و دەبێ وەک شۆڕشگێڕێک وڵامدەری هەموو پرس و ئەرکێک بین.

نەرم و نیانی، مەنتقی بوون، سەبر و تەحەممول، خۆڕاگری نمادی کەسێکی خەباتکارە، بەڵام کاتێک بە بیانووی ئەو وشانە بێدەنگ بین، هەموو شتێک وەلا دەنێین و دوژمن تابۆسازیمان بۆ دەکات و وەک راستییەک نیشانمان دەدات. دەبێ لە ڕۆژی شەهیدانماندا ئەوە بخەینە ناو بیرمان کە تابۆی ئێمە شەهیدان و ڕێبازمانه لەوە زیاتر شوێنی حەقیقەت و راستیمان لێ دەگۆڕدرێت.

لە ساڵڕۆژی شەهیداندا، دیسان پێ دەنێینە ناو ئەزموونێکی سەخت و چارەنووسساز؛ ئاڵای ڕزگاری و خاکویستیمان هەڵگرتووە و لێردا پەیمان نوێ دەکەینەوە. پێ له ناو تەندووری ئاگرینی خۆشەویستیی شەهیدان دەنێین کە لەدایکبوونێکی نوێ دەبەخشن و هەمیشە پێشەنگین.

مێژوو لێوڕێژە لە دووپاتبوونەوەی ڕووداوەکان. ژیان و خەباتی ئێمە لاپەڕەکانی لەسەر دەستی کاوەکان نووسراوە، بۆیە نابی خۆ لە ڕاستییەکان و سەختییەکان بشارینەوە.

گەورەترین زیرەکی نەتەوەکەمان ئەوەیە کە خۆیان هەرزان فرۆش ناکەن و خۆمان پێشتر هەڵبژاردوە کە چی بکەین و نەکەین و نەتەوەیەکین توانایی ئەوەمان هەیە بۆ خاک بمرین بەڵام بە دەستەوەی نەدەین. زۆرمان بیستووە، خوێندووەتەوە و دیوە کۆڵ نادەین تا دواساتەکانی ژیان و خۆمان لە دواهەناسەش هەر بڕیاری چارەنووسمان خۆمان دەنووسینەوە.

پەروەردەی دەستی پێشەواین، هەمان ڕۆڵەکانی ساڵانی ساڵە خەو و خۆشیمان لە چاوی دوژمن تۆراندووە، دێوسفەتەکان کە بۆ کوشتنی ئێمە هاتبوونە مەیدان سەرشۆڕتر لە جاران گەڕانەوە کون و قوژبنی خۆیان و ئێستاش وەک جاران هاتووینەتەوە تا پێ لە شوێن پێی بەهار دابنێین. ئەمڕۆکە خرۆشی خەڵک دیارە و کەس ئارام ناگرێت، دەنگی ترپەی دڵەکان دەتوانین ببیستین و هەناسەکان توندتر و گرمترن؛ سوێندمان بە گڵکۆی بێ سەروشوێنیان، خواردووە کە ڕێبازیان ون ناکەین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.