کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدان مانا به ژیان دەبەخشن

16:13 - 22 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: به بۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، چالاکییەکی تایبەت لە شوێنی حەماسەی کۆساڵان بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕۆڵەکانی دێموکرات بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە شوێنی حەماسەی کۆساڵان چالاکییەکی تایبەتیان بەڕێوە برد.

قارەمانانی دێموکرات لەو چالاکییەدا، شوێنی شەهیدانی کۆساڵانیان بە گوڵ و نووسراوەی ڕاسان نەخشاند و پەیمانی وەفاداریان بە ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.

لەو پێوەندییەدا ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدان، لە گوندی ئەوێهەنگ بۆ ڕێزگرتن لە یازدە شەهیدی سوورخەڵاتی گەل، شەهیدان کاوه جەوانمەرد، سەرکەوت سەمەدی، میهدی شێخی، ئەکبەر مینبەری، شاخەوان مینبەری، شۆڕش مینبەری، ئەفشار سوورەبوومە، ساحێب حوسەینی، هیوا قوربانی، ڕوحوڵڵا حەیدەری و بەرزان حوسێنی ١١ گوڵە شلێرەیان بە ڕەمزی وەفاداری و بەڵێنیدان بە ڕێبازیان لەسەر جامانە دانابوو.

ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە دوای ڕاگەیاندنی خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات، پۆلێک ١١ کەسی لە قارەمانانی دێموکرات کە بۆ ئەرکی حیزبی گەڕابوونەوە نێوخۆی وڵات، لە شاخەکانی کۆساڵان کەوتنە بۆسەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە و دوای چەند ڕۆژ شەڕی قارەمانانە و خولقاندنی حەماسەیەکی بێوێنە، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون.