کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدانی سەوز قەت لەبیر ناکرێن

12:56 - 3 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ساڵێک لە شەهیدبوونی چوار ژینگەپاریزی کوردستان، کە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەست دا، تێپەڕی.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣ی خەرمانان، ساڵێک بەسەر شەهیدبوونی کاک "شەریف باجوەر" و هاوڕێیانی تێپەڕی کە لە کارەساتێکی دڵتەزێندا، گیانیان پێشکەش بە نیشتمان کرد.

شەهیدان "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پێژوهی"، ساڵی ڕابردوو، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی گوندی "پێڵە"ی مەریوان، لە ڕووداوێکی گوماناویدا، تووشی سووتان بوون و گیانیان لەدەست دا.

دوای ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، چەندین کۆڕ و ڕێوڕەسم و چالاکی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی سەوز لە هەموو کوردستان و ئێران و تەنانەت جیهاندا، بەڕێوەچوو و دوای تێپەڕینی ساڵێک، هێشتا ئەم برینە قووڵە بەتوندی دەکولێتەوە.

کاک "شەریف باجوەر" و کاک "ئومید کۆنەپۆشی"، لە ئەندامانی چالاک و ناسراو و دڵسۆزی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بوون کە ساڵانێکی دورودرێژ ئەزموونی بەربەرەکانێ لەگەڵ ئاگریان هەبوو و خەڵک لەو باوەڕەدان کە ڕێژیم دەستی لە شەهیدکردنی ئەم ژینگەپارێزانەدا هەبووە.

ئەمانە لە حاڵێکدایە کە کاک "شەریف" لە چەندین چالاکیی ژینگەدۆستی، نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستیدا ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە و چەندین جار لە لایەن ڕێژیم و ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و لەسەر ئەم بابەتانە هەڕەشەی لێکراوە و لە ئاکامدا لە پیلانێکدا گیانیانیان ئەستاند.

دوابەدوای شەهیدبوونی کاک شەریف و هاوڕێیانی، خەڵکی مەریوان لە ڕێپێوانێکدا خوازیاری ڕوونبوونەوەی ھۆکاری مەرگی ئەو چالاکوانانە و ھەروەھا ئاگرگرتنی دارستانەکانی کوردستان بوون.

شەریف باجوەر لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی، چالاکی مەدەنی و ژینگەیی خەڵکی مەریوان و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیا بوو. ناوبراو ڕۆڵێکی گرینگی لە پاراستنی ژینگەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و بەفەرھەنگکردنی ژینگەپارێزیدا ھەبووە و بەداخەوە لە ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧دا، لە پیلانێکدا شەهید کرا.