کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی سووریە و بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، قەیرانی سەرەکیی ناوچەکەن

11:54 - 17 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: شەڕی حەوت ساڵەی نێوخۆی سووریە و بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دوو قەیرانی ئاوێتەبوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستن.

وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، ژان لۆدریان، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە نوێترین لێدوانیدا لەگەڵ ڕادیو "یوورووپ . ١"، شەڕی سووریە و بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانی بە دوو قەیرانی سەرەکیی تێکڵاوبووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زانی و هەروەها فەرمانی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانیشی، لە پێوەندی لەگەڵ بردنەسەرەوەی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆمی بە مەترسیدار ناو بردووە.

ناوبراو لە میانەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە مەترسیی گەورە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل نییە، بەڵام دۆخی قەیراناویی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نیگەرانی دەخولقێنێت.

لۆدریان، تەیاربوونی ڕێژیمی ئێرانی بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆمی بە کارێکی ناخۆش و دنەدەرانە ناو برد و لەم بارەوە وتوویەتی: "یاریکردن لەگەڵ هێڵە سوورەکان هەمیشە مەترسیدارە، ئەگەرچی ئەم کارەی ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی بەرجامیش بێت و هێڵە سوورەکانیشی نەبەزاندبێت".

قسەکانی لۆدریان لەسەر ڕێژیمی ئێران، ڕەنگە تا ڕادەیەک ڕاست بێت و ئەو ڕێژیمە هێشتا هێڵە سوورەکانی بەرجامی نەبەزاندبێ، چونکە هێڵی سووری دیاریکراوی ئەو ڕێککەوتننامەیە، نەگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە ئاستی چەکی ناوکییە، بەڵام پاش واژۆ کردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە داراییە بلۆککراوەکان بۆ ئەو ڕێژیمە گەڕایەوە و لەژێر بەرگی بەرجامدا، بەو پارە زۆرەی کە دەستی کەوتەوە، لە ڕاستای کاری تێرۆریستی و دەستێوەردانەکانی خۆی هەوڵەکانی بەربڵاوتر کردەوە.